چەکدارانی سەر بە رژێمی سووریا رێککەوتنی ئاگربەست لە قامیشلۆ پێشێل دەکەن

چەکدارانی سەر بە رژێمی سووریا رێککەوتنی ئاگربەست لە قامیشلۆ پێشێل دەکەن
چەکدارانی میلیشیای بەرگریی نیشتمانیی سەر بە رژێمی سووریا رێککەوتنی ئاگربەست لە قامیشلۆ، پێشێل دەکەن.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 25-4-2021، بە چاودێریی هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) و هێزەکانی سوپای رووسیا، ئاسایشی سەر بە پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) و میلیشیای بەرگریی نیشتمانی لە قامیشلۆ، رێککەوتن لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست.

دوای دوو کاتژمێر لە رێککەوتنەکە، میلیشیای بەرگریی نیشتمانی رێککەوتنەکەی پێشێل کردووە و هێرشی کردووەتە سەر بازگەکانی ئاسایشی پەیەدە لە گەڕەکەکانی تەی و حەلکۆ لە قامیشلۆ.

بەندەکانی رێککەوتنەکە:

- هێزەکانی ئاسایشی پەیەدە لەو ناوچانە دەمێننەوە، کە لە کاتی شەڕەکاندا دەستیان بەسەردا گرتووە.

- چەکدارانی بەرگریی نیشتمانی لەناو گەڕەکەکان دەکشێنەوە و نزیک هێزەکانی ئاسایشی پەیەدە ناکەونەوە.

- لە رۆژی دووشەممە (ئەمڕۆ)ـەوە رێگا بە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەدرێت.

- دەوریەی هاوبەشی سەربازیی رووسی و ئاسایشی پەیەدە لەناو گەڕەکەکان دەسوڕێنەوە.

شەڕەکە دوای دەستگیرکردنی ژمارەیەک چەکداری میلیشیای بەرگریی نیشتمانیی سەر بە رژێمی سووریا لەلایەن ئاسایشی پەیەدەوە لە بازگەیەکی قامیشلۆ لە رۆژی سێشەممە 20-4-2021 دروست بووە و تا ئێستاش بە پچڕ پچڕی بەردەوامە.







بااسنيوز
Top