تورکیا: داننان بە کۆمەڵکوژیی ئەرمەن برینێکی قووڵی لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ واشنتن دروست کرد
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: سادات ئۆناڵ، جێگری وەزیری دەرەوە بانگهێشتی دەیڤید ساترفێڵد، باڵوێزی ئەمریکای لە ئەنقەرە کردووە و پێی راگەیاندووە: ”داننانەکە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و تورکیا رەتی دەکاتەوە“.
هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پێی وایە ئەو داننانە ”برینێکی قووڵی لە پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ واشتن، دروست کرد.
رۆژی شەممە 24-4-2021، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەیاننامەیەکی دەرکرد و تێیدا دانی بە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان لەسەر دەستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی (تورکیای ئێستا)دا نا.
لە ساڵی 1915 عوسمانییەکان نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتیی ئەرمەنیان کوشت و تورکیاش ئەو رووداوە بە توندی رەت دەکاتەوە.
باسنيوز
