یۆنان و ئیسرائیل گەورەترین گرێبەستی سەربازیی واژۆ دەكەن
بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی روسیا تودەی، ئەمڕۆ یەكشەممە وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل بڵاویكردەوە، گەورەترین گرێبەستی مامەڵەی چەكیان لەگەڵ یۆنان واژۆكردوە.
كۆمپانیای هێزی ئاسمانی هێلانیك لەژێر سیستمی ئێلبیتی ئیسرائیلیدا سەرپەرشتی راهێنانی هێزی ئاسمانی یۆنان دەكات
هاوکات رۆژنامەی جوریزلم پۆستی ئیسرائیلی زانیارییەكەی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند، بەپێی رێككەوتنەكە كۆمپانیای هێزی ئاسمانی هێلانیك لەژێر سیستمی ئێلبیتی ئیسرائیلیدا سەرپەرشتی راهێنانی هێزی ئاسمانی یۆنان دەكات.
بەهای رێككەوتنەكەی نێوان حكومەتی ئیسرائیل و یۆنان 1.65 ملیار دۆلارە
بەگوێرەی زانیارییەكان، بەهای رێككەوتنەكەی نێوان حكومەتی ئیسرائیل و یۆنان 1.65 ملیار دۆلارە، لای خۆشییەوە كۆمپانیای ئێلبیتی ئیسرائیلی رایگەیاندوە، راهێنانی فڕۆكەی "M-346" پێشكەشی هێزی ئاسمانی یۆنان دەكات و لەگەڵ هێزی ئاسمانی یۆنان دەمێنێتەوە و تا بەتەواوەتی زانیاری لەبارەی چۆنیەتی بەكارهێنان فێردەبن.
لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، بەپێی رێككەوتنەكە ئیسرائیل بۆ ماوەی 20 ساڵ فرۆكەی "M-346" و "T-6" پێشكەشی یۆنان دەكات و ئەركی راهێنانی فڕۆكەوانی نوێی یۆنانیش دەگرێتە ئەستۆ.
خەندان-
