داوای راگرتنی پێدانی ڤاکسینی جۆنسن ئاند جۆنسن دەکرێت

داوای راگرتنی پێدانی ڤاکسینی جۆنسن ئاند جۆنسن دەکرێت
سەنتەری ئەمریکی بۆ کۆنترۆڵکردن و رێگریکردن لە نەخۆشییەکان و ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا داوادەکەن بەکارهێنانی ڤاکسینی جۆنسن ئاند جۆنسن بوەستێندرێت، کە 27ی شوباتی ئەمساڵ پەسندکرا؛ ئەمەش بەهۆی شەش حاڵەتی خوێن مەیین.

هەرچەندە ئەو شەش حاڵەتەی خوێن مەیین کە سەنتەرە تەندروستییەکانی ئەمریکا بە دەگمەن ناوی دەبەن، لەنێو 6.8 ملیۆن کەس روویانداوە، بەڵام دکتۆر کارلۆس دێل ریۆ، یاریدەدەری کۆلێژ لە زانکۆی ئیمۆری دەڵێت "پیرۆزبایی لە هەردوو سەنتەری ئەمریکی بۆ کۆنترۆڵکردن و رێگریکردن لە نەخۆشییەکان دەکەم کە زۆر بە خێرایی بە کەیسەکانیان زانیوە".

ئەو کەسانەی خوێنیان مەییوە، سەرجەمیان ئافرەت بوون و تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 48 ساڵ بوو، نیشانەی خوێن مەیینیش لە رۆژی شەشەم تاوەکو 13 رۆژ دوای وەرگرتنی ڤاکسینەکە روویداوە.

هەردوو سەنتەرە پزیشکییەکەی ئەمریکا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردووەتەوە، داوا لە ئیدارەی بایدن دەکەن ڤاکسینی جۆنسن ئاند جۆنسن رابگیرێت، بڕیارە رۆژی چوارشەممەش کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری ئەنجامبدرێت بۆئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسانە بکرێت و زیاتر لە هۆکاری خوێن مەیینەکان دڵنیاببنەوە.

سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی بۆچی لە قۆناخەکانی پەسندکردنی ڤاکسین هەست بەو خوێن مەیینە نەکراوە، د. کارلۆس وەڵامدەداتەوە و دەڵێت "ئێمە باس لە رووداوێکی دەگمەن دەکەین، باس لە خوێن مەیینی یەک کەس لەنێو یەک ملیۆن کەس دەکەین".

لەنێو بەکاربەرانی ڤاکسینی ئاسترازێنیکاش کە لەلایەن 70 وڵاتەوە پەسندکراوە، خوێن مەیین تۆمارکراوە، بەڵام ئاژانسی دەرمانی ئەوروپا پێشنیاز دەکات ئەو خوێن مەیینە تەنیا لە لیستی زیانە لاوەکییەکانی دەرمانەکە هەژماربکرێت و دابەشکردنی ڤاکسینەکە بەردەوامبێت.

rudaw -
Top