ئۆستن جەختدەكاتەوە لەسەر پابەندبوونی ئەمەریكا بە پاراستنی ئەمنی ئیسرائیل

ئۆستن جەختدەكاتەوە لەسەر پابەندبوونی ئەمەریكا بە پاراستنی ئەمنی ئیسرائیل
وەزیری بەرگری ئەمەریكا، لوید ئۆستن جەختیكردەوە لەسەر پابەندبوونی ئیدارەی جۆ بایدن بە پاراستنی ئەمن و سەقامگیری ئیسرائیل و باڵادەستی سەربازی ئیسرائیل لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.

وەزیری بەرگری ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ ھاوتا ئیسرائیلییەكەی، بینی گانتس لە تەلئەڤیڤ گوتی: ھاوبەشی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەگەڵ ئیسرائیل بنەڕەتییە و پابەندبوونی ئیسرائیل بەپشتیوانیكردنی بەردەوامە.

گوتیشی: "بۆ وەزیر گانتس جەختمكردەوە لەسەر پابەندبوونمان بە پشتیوانیكردنی بەردەواممان بۆ ئیسرائیل و پابەندبوونی ویلایەتە یەكگرتووەكان بە راوێژكردن لەگەڵیان بۆ دڵنیابوونەوە لە تواناكانیان و رێككەوتین لە نزیكەوە كاربكەین بۆ باشكردنی ھاریكاری بەرگری لە نێوان ھەردوو وڵاتدا".

ئۆستن ئاماژەیكرد، "لە كۆبوونەوە لەگەڵ گانتس باسی چەند پرسێكمان كرد، لەوانە پلانەكانی ئیسرائیل سەبارەت بە دەستبەركردنی پێداویستییەكانی بەرگری، ئەمە جگە لە رێككەوتنەكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ دەوڵەتە گەورەكانی عەرەبیی".

ئۆستن لە قسەكانی بەردەوام بوو و گوتی: "ئەمڕۆ گفتوگۆی زۆر بەرھەمدارمان كرد و سوپاسی وەزیر گانتس دەكەم بۆ میوانداریكردن و چاوم لەوەیە لە واشنتن پێشوازیی لێبكەم، من متمانەم بە ھاوبەشی بەھێز و توكمەمان ھەیە و پەیوەندییەكانی نێوان ھەردوو وڵات بەدرێژایی چەندین دەیە لە سەر متمانە بونیاتنراون و چاومان لەوەیە لە ساڵانی داھاتوودا زیاتر بەھێزیان بكەین.

وەزیری بەرگری ئەمەریكا، لوید ئۆستن، یەكشەممە سەردانی ئیسرائیلی كرد بۆ باسكردنی گەڕانەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی ئێرانی، كە ئیسرائیل دژیەتی، ئەمەش یەكەم سەردانی بەرپرسێكی ئەمەریكایی ئاست بەرزە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەردەمی ئیدارەی نوێدا.

لە میانی سەرادانەكەیدا كە دوو رۆژ دەخایەنێت، ئۆستن چاوی بە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتنیاھۆ دەكەوێت.
k24 -
Top