كەمال كلیچدارئۆغلۆ: دەبێت توركیا بەپەلە بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە

كەمال كلیچدارئۆغلۆ: دەبێت توركیا بەپەلە بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە
سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی توركیا داوای بەپەلەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ ئەو وڵاتە دەکات، چونكە رۆژ لە دوای رۆژ لەڕووی ئابوورییەوە بارگرانییەكی زۆر کەوتووەتە سەر هاووڵاتییان و كاسبكارانی توركیا حاڵیان شپرزە.

كەمال كلیچدارئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (CHP) كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، داوای بەپەلەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات.

لە دیمانەیەكدا بۆ تەلەڤزیۆنی (گڵۆباڵ هەبەر)، كلیچدارئۆغلۆ بۆ یەكەمجار ڕای گەیاند، كە ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی توركیا ڕێك بكەون لەسەر ئەوەی بیكەن بە كاندیدی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا، ئەویش ڕەزامەند دەبێت.

كلیچدارئۆغلۆ گوتیشی: "بچووكترین گومانم نییە لەوەی لە هەڵبژاردندا بەرامبەر بە رەجەب تەییب ئەردۆغان دەیبەمەوە. داوا دەكەم بەپەلە توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، چونكە لەڕووی ئابوورییەوە بارگرانییەكی زۆر كەوتووەتە سەر هاووڵاتییان".

لەبارەی داخستنی پارتی دیموكراتی گەلان (HDP) كلیچدارئۆغلۆ ئاماژەی بەوە داوە: "ئەگەر بڕوات بە دادپەروەری و دەوڵەت هەیە و خۆت پێ وڵاتێكی یاساییە، دەبێت بە گوێرەی یاسا و دەستوور هەنگاو بنێیت. لە دەستووردا دەڵێت بنەمای دەستبەرنەدان لە دیموكراتی، پارتە سیاسییەكانن، باشە مەگەر HDP پارتێكی سیاسیی نییە؟ چەند كەس دەنگی پێداوە؟ شەش ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس، تۆ كە HDP ت پێ تیرۆریستە، كەواتە شەش ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دەنگدەرت پێ تیرۆریستە".





باسنيوز
Top