پەرلەمانتارێکی تورکیا: هاووڵاتییانی تورکیا بە قەیرانێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕن
دەزگای ئاماری توركیا لە راپۆرتێكدا رێژەی هەڵاوسانی ئابووری بۆ مانگی 3ی 2021 ئاشکرا کردووە، كە 16%ـەیە، بەڵام گارۆ پایڵان، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) ئەو زانیارییە رەت دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، ”ئەگەر بچیتە ناو بازاڕ و خەڵک تێدەگەیت، کە ئەو ژمارەیە زۆر هەڵەیە، چونكە هەڵاوسانی ئابووری لە توركیا گەیشتووەتە 30%“.
پایڵان لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ژیانی هاووڵاتییانی توركیا لەڕووی ئابوورییەوە ”لەوپەڕی خراپییە و لە قەیرانێكی سەختی ئابووریدا دەژین“.
ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیا بە هۆکاری هەڵاوسانی ئابووری و خراپیی باری دارایی خەڵکی تورکیا تۆمەتبار دەکات، چونکە دوای ئەوەی پارێزگاری بانکی ناوەندیی وڵاتەکەی لە کارەکەی دوورخستەوە، بەهای لیرەی تورکی دابەزی و کەلوپەل و پێویستییەکان گرانبوون و بارگرانییان لەسەر هاووڵاتییان دروست کرد.
باسنيوز
