تورکیا.. 120 هەزار خاوەن سەرمایە مایەپووچ بوون
رۆژنامەی (سۆزجو)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، لە ساڵی 2020دا، 99 هەزار و 588 كاسبكار لە توركیا مایەپووچ بوونە، لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵیش، 19 هەزار و 727 كاسبكاری دیکە مایەپووچبوونی خۆیان راگەیاندووە.
رۆژنامەکە هۆكاری مایەپووچبوونی ئەو کاسبکارانەی بۆ لێکەوتەکانی پەتای كۆرۆنا گەڕاندووەتەوە، چونكە ماوەی ساڵێک زیاترە نەیانتوانیوە دوكانەكان و بازاڕەکانیان بكەنەوە و ئیشوکاری خۆیان بكەن، ئەمەش وای كردووە بكەونە ناو قەرزێكی زۆر و مایەپووچ بن.
وەلی ئەغبەبە، پەرلەمانتاری پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، رایگەیاندووە، بەهۆی لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆناوە، زۆرترین زیان بەر خاوەنی چێشتخانە و كافتریاكان کەوتووە.
ئەغبەبە پێیوایە لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵدا كاسبكاران زیانی زیاتر دەكەن و کاسبکاری زۆرتر مایەپووچ دەبن و بە پێویستیشی زانیوە حكوومەت هاوكارییان بكات.
باسنيوز
