خێراترین پرۆسەی پێدانی ڤاکسین لە جیهان لە ئەمریکایە
سەرەڕای کوتان بە ڤاکسینەکە، بەکارهێنانی دەمامک بۆ وەرگرانی ڤاکسین لەنێو ئامرازە گشتییەکانی گواستنەوە، پێویستە. تۆد باهام دانیشتووی واشنتن دی سییە، یەکێكە لە وەرگرانی هەردوو ژەمە ڤاکسینەکە. باهام دەڵێت، "نایابە. هەموو کەسێك حەز دەکات ئازاد بێت. ئێمە هەموومان دەمانەوێت ژیانی ئاساییمان بگەڕێتەوە، ئەمە شتێكی باشە."
بایدن ئێستا دەتوانێت بڵێت، نەک تەنیا بەڵێنی پێدانی رۆژانە یەک ملیۆن ژەمە ڤاکسینی بردە سەر، بەڵکو ئێستا لە 24 کاژێردا نزیکەی سێ ملیۆن کەس دەکوترێن.
جێفری زینست، هاوئاهەنگیکاری کۆشکی سپی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا باس لەوە دەکات "لەماوەی یەک هەفتەی رابردوودا رۆژانە دوو ملیۆن و 900 هەزار کەس ڤاکسینیان پێدراوە. پێشتر رۆژانە دوو ملیۆن و 500 هەزار ڤاکسین دەکوتران. ئەمە وێنەی نەبووە و هیچ وڵاتێک نییە هێندەی ئەمریکا بتوانێت بەو خێراییە ڤاکسین بداتە خەڵک".
ئەمریکا لە پێدانی ڤاکسیندا پێش هەموو وڵاتانی جیهان کەوتووە. تاوەکو ئێستا نزیکەی 100 ملیۆن کەس لانیکەم ژەمی یەکەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە و زیاتر لە 56 ملیۆن کەس هەردوو ژەمیان پێدراوە.
هاوکات 74٪ـی تەمەن سەروو 65 ساڵ یەک ژەمیان وەرگرتووە و 52٪ـی خەڵکی تەمەن سەروو تەمەن 65 ساڵ هەردوو ژەمیان پێدراوە.
ئەمریکا بەرە بەرە دەرگەکانی بەڕووی ژیانی ئاسایی دەکرێنەوە؛ کردنەوەی بەشێک لە ئابووریی وڵات و شوێنە گەشتیارییەکان، وەک پارکە گشتییەکان و شارەکانی یاری بە مەرجی دەمامک بەستن، جووڵەی خستووەتە بازاڕەوە.
پێش کۆرۆنا نزیکەی 5.8 ملیۆن کەس بێکاربوون، کۆرۆنا ئەو ژمارەیەی لە ساڵی 2020 بۆ سەرووی 20 ملیۆن کەس بەرزکردەوە و
ئێستا ڤاکسین ژمارەکەی بۆ نزیکەی 9 ملیۆن بێکار دابەزاندووە.
rudaw -
