كەنەدا پلانێكی راگەیاند بۆ پێشوازیكردن له‌ ژماره‌یه‌ك په‌نابه‌ری ئێزدی

 كەنەدا پلانێكی راگەیاند بۆ پێشوازیكردن له‌ ژماره‌یه‌ك په‌نابه‌ری ئێزدی
كەندا پلانێكی خۆی راگەیاند لەمەڕ نیشتەجێكردنی بەسەدان كەس لە پەنابەرە ئێزدییەكان و كەسانی دیكەش لەوانەی لەدەستی رێكخراوی داعشی تیرۆریست رزگاریان بووە لە عێراق، وەك ھەوڵێك بۆ كۆكردنەوە پەنابەران لەگەڵ رزگاربووانی دیكە لە خێزانەكانیان.

وەزیری كۆچ و پەنابەران و رەگەزنامە، ماركۆ میندیسینۆ، سیاسەتێكی نوێی رایگەیاند بۆ بەرزكردنەوەی رێژەی پێشوازیكردن لە ئێزدییەكان، كە كەنەدا پەیڕەوی دەكات لە میانی كۆكردنەوە ئەندامانی خانەوادەكانیان، كە مام و پلك و باپیرانیش لەخۆدەگرێتەوە.

ماركۆ میندیسینۆ لە راگەیاندراوێكدا گوتی: "دوای ئەوەی لە پێشێلكارییەكان و ئەشكەنجە بەڵكو لە جینۆسایدی بەكۆمەڵیش رزگاریان بوو لە دەست داعش، لەوانەش ئێزدییەكان و ھەندێك كۆمەڵەی دیكە، كە لە پەنابەرە ھەرە لاواز و بێ ھێزەكانن لە جیھاندا.

ئێزدییەكان كەمینەیەكی ئایینی كوردن و داعش جینۆسایدی لەدژیان ئەنجامدا و زیاتر لە 3000 كەسیانیان كوشت و بەلای كەمەوە 7000 ھەزار ئافرەتیان بە دیل بردن و زۆربەی ئەندامانی كۆمەڵگاكەیان ئاوارە و دەربەدەر كران.

ژمارەی ئێزدییەكان نزیكە 550 ھەزار كەسە و زۆربەیان لە ھەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان ھەرێم و عێراقدا دەژین.

بەپێی رادیۆی كەنەدای نێودەوڵەتی، وڵاتەكەیان لە 2017وە نزیكەی 1400 رزگاربوویان نیشتەجێكردووە، كە زۆربەیان ئافرەتن، لە پێناو پاراستنیان لە لەناوبردنی بەكۆمەڵ كە داعش دژ بەم كەمە ئایینیە ئەنجامی دەدا.

تیمی نەتەوە یەكگرتووەكانی تایبەت بە لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش لە عێراق ئاشكرایكرد زیاتر لە 80 گۆڕی بە كۆمەڵ لە شنگال ھەیە، كە ناوچەیەكە زۆربەی ئێزدنشینە و دوای ھەڵدانەوە 19 لەو گۆڕە بەكۆمەڵانە 104 تەرم بەڕێگای ترشی ناوەكی ناسراونەتەوە.






K24
Top