کلیچدارئۆغلۆ: پاییزی ئەمساڵ لە تورکیا هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوە دەچێت
كلیچدارئۆغلۆ داوای لە ئەندامانی سەركردایەتیی كردووە، بەردەوام بن لە بەسەركردنەوەی ناوچەی ئەنادۆڵ و دەبێت قسە بۆ خەڵك بكەن و پێیان بڵێن توركیا گەیشتووەتە چ قۆناغێکی خراپ.
ئاژانسی (سپوتنیك)ی رووسی قسەكانی كلیچدارئۆغلۆی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت: "لە خەبات بەردەوام دەبین، هەروەها پێویستە بەردەوام بین لە بەسەركردنەوەی خەڵك لە ناوچەی ئەنادۆڵ و ئامادەكاری تەواو بكەن بۆ هەڵبژاردن، چونكە بارودۆخی ئابووریی توركیا ئەوەندە خراپە، لە پاییزی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوە دەچێت".
سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن باسی لەوەش كردووە: "دەبێ بە ٨١ شاری توركیادا بگەڕێن و بۆ خەڵكی روون بكەنەوە كە كشانەوە لە (رێككەوتنی ئیستانبۆڵ) كە پارێزگاری لە مافی ئافرەت دەكرد، چەند كارەسات و عەیبەیە بۆ توركیا، چونكە خەڵكێكی زۆر نازانن ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە چۆنە".
باسنيوز
