ئەوروپا تاوەکو ناوەڕاستی ئەمساڵ پاسپۆرتی گەشتکردنی کوتراوان بە ڤاکسینی کۆرۆنا ئامادە دەکات
تێری بریتۆن، کۆمسیاری ئەوروپا بۆ کاروباری بازاڕە ناوخۆییەکان ئەوەی خستەڕوو، گرنگە لەدوای وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بەڵگەیەک بە شێوازی پاسپۆرت بدرێتە وەرگری ڤاکسین، تاوەکو لەکاتی گەشتکردنیدا بۆ درەوەی وڵات بەکاربهێندرێت بۆ تێپەڕبوونی.
ئەو بەرپرسەی ئەوروپا ئاماژەی بەوەش کرد، لەو پاسپۆرتەدا ئاماژە بە کات و جۆری ڤاکیسنی وەرگیراو دەدرێت.
تێری بریتۆن سەبارەت بە پاسپۆرتەکە باسی لەوە کرد "ئەم پاسپۆرتە دەکرێت لەنێو تەلەفۆندا هەبێت و دەشکرێت بە کاخەز بێت. ناو و رۆژی لەدایکبوونی تێدایە و نووسراوە کە ئایا تۆ کەی و چ ڤاکسینێکت وەرگرتووە؛ ئایا لە خوێنتدا دژە تەن هەن یاخود نا. بەگوێرەی ئامادەکارییەکانمان پێشبینی دەکەین لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا پاسپۆرتەکە ئامادەی بڵاوکردنەوە ببێت".
دروستبوونی مشتومڕ لەسەر دروستکردنی پاسپۆرتی ڤاکسین یاخود ئەپلیکەیشنی تایبەت بە وەرگرانی ڤاکسین لەکاتی هەوڵدانی وڵاتانی جیهان بوو بۆ بەدەستهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا.
ئەوانەی لەگەڵ بیرۆکەکەدان پێیانوایە، بوونی پاسپۆرتی لەو جۆرە دڵنیایی تەندروستی دەدات، ئەوانەش کە دژن پێیانوایە ئەم هەنگاوە دەبێتە پرسێکی ئەخلاقی و بەشێکی خەڵک لە کۆمەڵگە دادەبڕێت.
rudaw -
