کوبا.. لە وڵاتێكی گەمارۆدراوەوە بۆ بەرهەمهێنانی چەند ڤاکسینێكی ناوازەی کۆرۆنا
لەو پێنج ڤاکسینانە، سیانیان لە قۆناخی پەرەپێداندان و دووانیان قۆناخی سێیەم و کۆتایی تاقیکردنەوەکانیان بۆ ئەنجامدراوە و چاوەڕێ دەکرێت لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا لە سەرانسەری وڵات دابەشبکرێت.
بەرپرسانی تەندروستیی کوبا ئاشکرایانکرد، ئەوەی کە ڤاکسینەکانی بەردەستیان لەگەڵ هەموو ڤاکسینەکانی دیکەی جیهان جیادەکاتەوە، توانای کۆگاکردن و هێشتنەوەی ڤاکسینە کوبییەکانە لە پلەی گەرمای تاوەکو 46.4 پلەی سیلیزی؛ راشیانگەیاند، دەکرێت ئەو ڤاکسینانە بۆ ماوەی چوار هەفتە لەو پلە گەرمییەدا هەڵگیرێن بەبێ ئەوەی بەسەربچن یاخود لە کاریگەرییان کەمبکاتەوە.
لە ئەگەری بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکان، رێگە دەدرێتە وڵاتە هەژار و مامناوەندەکانی جیهان دەستیان بە ڤاکسینێكی هەرزان بگات و تاڕاددەیەک لە کاریگەری و هەژموونی وڵاتانی ساماندار دووربکەونەوە.
جگە لەوە، دروستکردنی ڤاکسین لەلایەن کوباوە پێکەوە کارکردنی هەرسێ وڵاتی کوبا، ڤێنزوێلا و ئێران کە ئەمریکا بە وڵاتانی میحوەری شەڕ ناویاندەبات، زیاتر دەکات.
لەو چوارچێوەیەدا ڤێنزوێلا و ئێران رێککەوتنی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ڤاکسینیان ئەنجامداوە و تاران رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ کوبییەکان تاقیکردنەوەی قۆناخی سێیەم و کۆتایی یەکێك لە ڤاکسینەکانیان لە ئێران ئەنجامبدەن.
خۆرخێ ئارییازا، وەزیری دەرەوەی ڤێنزوێلا لەوبارەیەوە دەڵێت، "ئێمە متمانەی زۆر بەهێزمان بە زانستی پزیشکیی کوبا هەیە و ئەو ڤاکسینەی ئەوان بەرهەمی دەهێنن، نەک تەنیا بۆ ئەو وڵاتە باشە، بەڵکو بۆ ئەمریکاش باشە".
بەرپرسە تەندروستییەکانی کوبا گەشبینن و دەڵێن، لەدوای سەرکەوتنی تاقیکردنەوەی سێیەم، لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا دەست بە پێدانی ڤاکسین بە نزیکەی 1.7 ملیۆن دانیشتووانی هاڤانای پایتەخت دەکرێت و تاوەکو مانگی ئابیش لە کۆی 11 ملیۆن دانیشتووانی کوبا، زیاتر لە حەوت ملیۆن کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان پێدەدرێت.
rudaw -
