ئەمڕۆ لە میانمار ٥٠ خۆپیشاندەر بە دەستڕێژی گوللە کوژران

ئەمڕۆ لە میانمار ٥٠ خۆپیشاندەر بە دەستڕێژی گوللە کوژران
ئاژانسی (ڕۆیتەرز) بە پشتبەستن بە میدیاکانی میانمار بڵاوی کردووەتەوە لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی ئەو وڵاتە هێزە ئەمنییەکان لە چەندین شوێن دەستڕێژیان لە خۆپیشاندەران کردووە و لانیکەم ٥٠ کەس گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی هەمان سەرچاوە ١٣ کەس لە شاری ماندالای، دووەمین گەورەشاری میانمار و حەوت کەسیش لە شاری یانگۆن، پایتەختی ئەو وڵاتە کوژراون و ئەوانەی دیکەش لە شارەکانی دیکە بوونەتە قوربانی.

ئەمڕۆ لە میانمار هاوکات بووە لەگەڵ مانۆڕی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە و خۆپیشاندەران کە خوازیاری دیموکراسین لەو وڵاتە کەوتوونەتە بەر هێرشی هێزە ئەمنییەکان.

کوژرانی لانیکەی ٥٠ کەس لە میانمار تەنیا لە ڕۆژێکدا لە کاتێکدایە کە لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٣٢٠ کەس کە لە بەرانبەر کوودەتای سەربازیدا ناڕەزاییان دەربڕیوە، بە دەستڕێژی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.

بەپێی ئاماری دامەزراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ، نزیکەی٩٠٪ی قوربانییەکان لەو وڵاتە بە دەستڕێژی ڕاستەوخۆ کوژراون.

لە کاتی ڕوودانی کوودەتای سەربازی لە ڕێکەوتی ١ی٢ی٢٠٢١ لە میانمار و لادانی ئانگ سان سووچی ڕێبەری مەدەنیی ئەو وڵاتە لە دەسەڵات، هەتا ئێستا سێ هەزار خۆپیشاندەر دەستگیر کراون، بۆ وێنە خانمی سووچی کەلە یەکەم ڕۆژی کوودەتاکەوە هاوڕێ لەگەڵ بەشێکی زۆر لە سیاسەتمەدارانی دەوڵەتی هەڵبژێردراوی خەڵک دەستگیر کرا و بە گەندەڵیی دارایی و وەرگرتنی بەرتیل تۆمەتبار کرا.












باسنيوز


Top