چیرۆکی هه‌شت جار داخستنی کەناڵی سوێس لە ماوەی 152 ساڵدا

چیرۆکی هه‌شت جار داخستنی کەناڵی سوێس لە ماوەی 152 ساڵدا
ئێستا جیهان چاودێریی تەنگژەی کەناڵی سوێس و هەوڵی دەرهێنانی پاپۆڕە زەبەلاحە حاویەهەڵگرەکەی (ئیڤر گیفن) دەکات، بۆ ئاراستەی خۆی لە رێڕەوی ئاویدا، کە لەناو کەناڵەکەدا گیری خواردووە، ئەو کەناڵەی نزیکەی 12%ی جوولەی بازرگانیی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێ.

سەرباری پێشبینیی پسپۆران، تا ئێستا وانابینرێ ئەو تەنگژەیە لە دوو رۆژ زیاتر بخایەنێ، لەمیانەی ئەو قسەوباسانەی دەربارەی گەیشتنی تیمی تایبەتی فریاگوزرای بۆ رێڕەوی دەریاوانی دەکرێن، بۆ یارمەتیدانی پاپۆڕەکە بۆ هاتنەوە سەر ئاراستەی خۆی، کە گیری خواردووە، بەڵام بەردەوامبوونی لەکارکەوتنی جوولەی دەریاوانی بۆ زیاتر لە دوو رۆژ، ئەوا حساباتی هێڵی دەریاوانیی جیهانی دێنێتەوە بەر باس.

کۆمپانیا ئەوروپی و ئەمریکییەکان بۆ باری نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە پشت بەو رێڕەوە ئاوییە دەبەستن، لە ئەگەری بەردەوامبوونی وەستانی جوولەی دەریاوانی، ناچار دەبن بەدوای جێگرەوەیەکی دیدا بگەڕێن، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئەو جێگرەوەیە.

لە هەمان کاتدا، بەردەوامبوونی وەستانی جووڵەی دەریاوانی لە کەناڵی سوێس، دەبێتە هۆی وەستانی پێداویستییەکانی نەوتی خاو لە کێڵگە نەوتییەکانی دەریای باکوور بە ئاراستەی ئاسیا.



چەندین جار کەناڵی سوێس بە رووی جوولەی دەریاوانیی نێودەوڵەتیدا داخراوە



لەوەتەی لە ساڵی 1869وە ئەو کەناڵە بە بودجەیەکی زەبەلاحەوە کراوەتەوە تا ئەمڕۆ، بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکان و شەڕ و شۆڕەوە، چەندین جار تەگەرەی هاتووەتە پێش و بووەتە هۆی ئەوەی 8 جار دابخرێ، ئەگەرچی هەموویان بەهۆی شەڕ و گۆڕانکارییە سیاسییەکانەوە نەبووە، بەڵکو هەندێکیان بەهۆی کەشتی و پارچەی دیکە، یان بەهۆی کەشوهەواوە بووە.



یەکەم داخرانی کەناڵی سوێس

جاری یەکەم، کە کەناڵی سوێس بەرامبەر بە جوولەی دەریاوانی و رەتبوونی پاپۆڕەکان داخرا، دوای 13 ساڵ بوو لە کردنەوەی، ئەویش لەدوای شۆڕشی عوڕابی لە ساڵی 1882 بەهۆی ئەو رووداوانەی وڵاتەکە بەخۆیەوە دی و رووداوەکە دوو رۆژی خایاند.

جاری دووەمیان لە 10ی حوزەیرانی 1885بوو، کاتێ ئامێرێکی بیرهەڵکەندن لەگەڵ کەشتییەکدا بەیەکیاندا دا، کە بووە هۆی نوقمبوونی بیرهەڵکەنەکە و پەککەوتنی جوولەی دەریاوانی بۆ ماوەی 11 رۆژ.

سێیەم جاریش لە 2ی ئەیلوولی 1905دا بوو، کاتێ دوو کەشتی بەریەک کەوتن و بووە هۆی گڕتێبەربوونی یەکێکیان، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بۆ ماوەی 10 رۆژ جوولەی دەریاوانی پەکی بکەوێت.



جەنگەکانی جیهانی

جاری چوارەم لە شوباتی 1915دا بوو، کاتێ جووڵەی دەریاوانی لە کەناڵەکە بەهۆی هەڵگیرسانی یەکەم جەنگی جیهانی راوەستا و چەندین کەشتی لە بوغاز پۆرسەعید نوقووم بوون.

جاری پێنجەمیش لە کاتی دووەم جەنگی جیهانیدا بوو، لە ماوەی نێوان 28ی ئابی 1940 تا 27ی تەمووزی 1942.

شەشەم جار لە ئەیلوولی 1952دا بوو، بەهۆی نوقمبوونی کەشتییەک لە بەشی باکووری نزیک شاری پۆرسەعید.

حەوتەم جار بەهۆی شەڕی سێ لایەنەوە بوو بۆ سەر میسر لە ساڵی 1956، کاتێ 48 پاپۆڕ و پارچەی دیکەی دەریاوانی تێدا نوقم بوون، تا لە ساڵی 1957دا کرایەوە.

هەشتەمین جاری داخرانی کەناڵی سوێس بەهۆی شەڕی 5ی حوزەیرانی 1967ەوە بوو، کە بووە هۆی داخرانی کەناڵەکە و راوەستانی جوولە و رەتبوونی کەشتی بۆ ماوەی 8 ساڵ، کە لە 5ی حوزەیرانی 1967ەوە دەستی پێکرد تا 4ی حوزەیرانی 1975 درێژەی کێشا. لەم ماوەیەدا جیهان زیانێکی ئێجگار زۆری پێکەوت، چونکە کەشتییەکان ناچار بوون بچنە رێی (رەئس رەجا ئەلساڵح) و بەدەوری ئەفریقادا تێبپەڕن، تاوەکو ئەنوەر سادات، سەرۆکی کۆچکردووی میسر لە 5ی حوزەیرانی 1975دا، دوای رێککەوتنی نێوان میسر و ئیسرائیل سەرلەنوێ کردییەوە.



کەناڵی سوێس.. رێڕەوێکی گرنگی جیهانی

وائل قەدوور، جێگری سەرۆکی دەستەی کەناڵی سوێس سەبارەت گرنگیی کەناڵەکە بۆ(سکای نیوز) رای گەیاندووە، کە کەناڵی سوێس گرنگترین کەناڵی دەریاوانییە، کە پەیوەستە بە بواری بازرگانیی جیهانی.

قەدوور راشی گەیاندووە، نزیکەی 10%ی قەبارەی بازرگانیی جیهانی و 22%ی بازرگانیی حاوییەکان بە کەناڵی سوێسدا تێدەپەڕن.

قەدوور ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە ساڵی رابردوو 18830 کەشتی بەو کەناڵەدا تێپەڕیون و زیاتر لە 1.7 ملیار تەن کەلوپەلیان گواستووەتەوە، بەمەش گرنگیی پێەی کەناڵەکە لە بواری بازرگانیی جیهانیدا دەردەکەوێ.

موحی ئەلسەیاح، عەمیدی کۆلیژی گواستنەوە لە ئەکادیمیای عەرەبی دەڵێ، کەناڵی سوێس 8 تا 11 رۆژ زووتر کەشتییەکان لەو پەڕی رۆژهەڵاتەوە ئەگەیەنێتە ئەوروپا، بە بەراورد بەوەی لە رێگای دەریاوانی رەئس رەجا ئەلساڵح دەیخایەنێ.

ئەلسەیاح بۆ (سکای نیوز) گوتیشی، هەموو ئەوانەی کاری بازرگانیی هێنان و بردنی کەلوپەل دەکەن، چ کەسی و چ کۆمپانیا و چ دەوڵەت، باش دەزانن هیچ رێگایەک لە کەناڵی سوێس باشتر نییە، بەتایبەتی بۆ گواستنەوەی کەلوپەل، بەوپێیەی کات یەکێکە لە گرنگترین رەگەزەکانی ئەو بازرگانییە و کەناڵەکەش زۆر بۆیان کورت دەکاتەوە.

شایانی باسە کە رۆژی سێشەمەی رابردوو، کەشتییە زەبەلاحە حاویەهەڵگرەکەی (ئیڤر گیفن) لە کەناڵی سوێسدا گیری خواردووە و بەهۆشیەوە جوولەی دەریاوانی و بازرگانی لەو رێگایەوە وەستاوە.



ئوسامە رەبیع، سەرۆکی دەستەی دەریاوانی کەناڵی سوێس بۆ (سکای نیوز) ئاشکرای کردووە، تیمێکی کۆمپانیای رزگارکردنی هۆڵەندی (سمیت) رۆژی پێنج شەمە گەیشتوونەتە کەناڵەکە، کە گەورەترین کۆمپانیای جیهانییە لە بواری دەرهێنانی کەشتییە گیرخواردووەکان و پلانێکی نوێیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە گرتووەتە بەر.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە 9 ئامێری راکێشەر بۆ راکێشانی کەشتییەکە بەکار دەهێنن.











باسنيوز



Top