لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هۆڵەندا ژمارەی کورسییەکانی پارتەکەی سەرۆکوەزیران زیادیکردووە
بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی کە مارک رووتە سەرۆکایەتی دەکات، ٪22ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، واتە لە کۆی 150 کورسیی پەرلەمان، 35 کورسی مسۆگەر کردووە.
هاوکات پارتی دیموکراتی 1996، بیست و چوار کورسی بەدەستهێناوە کە پێنج کورسی لە خوولی پێشوو زیاترە. هەروها پارتی کۆڕبەندی دیموکراسی (FvD) 6 کورسیی زیادکردووە و ژمارەی ئەندامانی لە پەرلەمانی هۆڵەندا بۆ 8 ئەندام بەرزبووەوە.
ئەو پارتە لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا ناکۆکی تێکەوت و ژمارەیەک لە ئەندامە هەرە دیارەکانی لێی جیابوونەوە و پارتێکیان بە ناوی "بەڵی 21" دامەزراند، کە لەم هەڵبژاردنانەدا چوار کورسییان بەدەستهێناوە.
هاوکات پارتی بۆ ئازادی (PVV) کە بە دژایەتیکردنی کۆچبەرانی ناسراوە، سێ کورسی لە دەستدا و ژمارەی کورسیەکانی بۆ 17 کەمبووەوە و لە دووەم گەورەترین پارتەوە بۆ سێیەم دابەزی.
پارتی سۆسیالیستەکان 5 کورسی لەدەستدا و ژمارەی کورسییەکانی بۆ 9 دابەزی.
پارتی کرێکاران 9 کورسیەکەی وەک خۆی ماوەتەوە.
تاوەکو ئێستا نزیکەی ٪90 دەنگەکان جیاکراونەتەوە و تا هەفتەی داهاتوو بڕیار نییە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە رابگەیێندرێت.
rudaw -
