ئێران: لێدوانی جۆنسۆن لەبارەی چەکی ئەتۆمیی ئێران چەواشەکارانەیە

ئێران: لێدوانی جۆنسۆن لەبارەی چەکی ئەتۆمیی ئێران چەواشەکارانەیە


وەزیری دەرەوەی ئێران قسەکانی بۆریس جۆنسۆن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیای لەبارەی بەرنامەی ناوکیی ئێران بە چەواشەکارانە لەقەڵەم داوە و گوتی تاران دژی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمە.

محەمەدجەواد زەریف دوێنێ سێشەممە لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویە: "بۆریس جۆنسۆن لە لێدوانێکی (چەواشەکارانە)دا نیگەرانی ئەوەیە کە ئێران بتوانێ دەستی بە چەکی ئەتۆم ڕابگات، هاوکات ئاشکرای کردووە کە بەریتانیا ناوەندە ئەتۆمییەکانی پەرە پێ دەدات".

مەبەستی وەزیری دەرەوەی ئێران سیاسەتی نوێی دەوڵەتی بەریتانیایە کە دوێنێ ئاشکرایان کردووە بڕیارە کڵاوە ناوکییەکانی ئەو وڵاتە زیاتر بکرێن و ژمارەیان بگاتە ٢٦٠ کڵاوەی ئەتۆمی.

ئێران ماوەی یەک ساڵە بە مەبەستی کاردانەوە بە کشانەوەی یەکلانەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و دووبارە وەگەڕکەوتنەوەی گەمارۆکان، بە چەند قۆناغێک پابەندبوونی خۆی بە بەڵێنەکانی لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی کەم کردووەتەوە و ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە بنکە ئەتۆمییەکانی گەیاندووەتەوە ٢٠٪.

ئەم بڕیارەی ئێران لە کاتێکدایە کە ئەمریکا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە کە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە ناو ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی 5+1، بەڵام مەرجی ئەمریکا ئەوەیە کە دەبێ ئێران هەموو بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات و پێیانەوە پابەند بێت، لە بەرانبەریشدا ئێران دەڵێت دەبێ واشنتۆن لە هەنگاوی یەکەمدا هەموو گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵبگرێت.

لەم نێوەدا سێ وڵاتی ئەورووپی (فەڕەنسا، بەریتانی و ئەڵمانیا) کە ئێستا لەناو ڕێککەوتنە ماون، بەمدواییانە نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە کە ئێران بەرە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی هەنگاو دەنێت، بەڵام تاران هەموو کات ڕەتی کردووەتەوە کە ئامانجی گەیشتن بە چەکی ئەتۆم نییە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی لە چەند مانگی ڕابردوودا لەبارەی پرسی ناوکیی ئێرانەوە نیگەرانیی دەربڕیوە کە ئێران لە دانی هەندێ زانیاری خۆی دەبوێرێت.






باسنيوز
Top