راوێژکاری پەتاناسیی سوێد داوا لە خەڵک دەکات گەشتەکانیان بۆ دوای هاوین دوابخەن

راوێژکاری پەتاناسیی سوێد داوا لە خەڵک دەکات گەشتەکانیان بۆ دوای هاوین دوابخەن
راوێژکاری پەتاناسیی حکومەتی سوێد داوا لە خەڵکی وڵاتەکەی دەکات کە گەشتەکانیان بۆ دوای هاوین دوابخەن.

ئەندرێس تێنگل، راوێژکاری پەتاناسیی حکومەتی سوێد لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند "وێڕای ئەوەی کە دەکرێت لەم هاوینەدا گەشت بۆ دەرەوە بکرێت، بەڵام پێدەچێت پێویستی بە ژمارەیەک مەرج و داواکاری هەبێت، بۆ نموونە، بەڵگەنامەی پشکنین، بەڵگەنامەی وەرگرتنی ڤاکسین یاخود کەرەنتینکردن".

راوێژکاری پەتاناسیی حکومەتی سوێد ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو هیچ پلانێکی نییە ئەم هاوینە گەشت بکات.

تێنگل باسی لەوە کرد کە ئەوان چاوەڕێی ئەوە ناکەن لە وەرزی بەهار و هاوینیشدا رێگە بە کۆبوونەوەی زیاتر لە 50 کەس بدەن لەکاتی ئەنجامدانی چالاکیی وەرزشی و هونەری، گوتیشی "دەکرێت رێکارەکان بەگوێرەی شێوازی بڵاوبوونەوەی پەتاکە بگۆڕدرێن".

ئەو راوێژکاری پەتاناسییەی سوێد ئەوەشی خستووەتەڕوو "ئەگەر گەیشتینە ئاستێکی پەسندکراوی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، ئەوا ئەگەرێکی زۆر بەهێز لەئارادا دەبێت بۆ رێگەدان بە گردبوونەوەی گەورەتر، بەڵام ئەگەر بڵاوبوونەوەکە لەم ئاستەی ئێستادا بمێنێتەوە یان بەرزتر ببێتەوە، ئەوا ئەگەرێکی لاواز دەبێت".

لە سوێد زیاتر لە 725 هەزار تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، لەو ژمارەیە 13 هەزار و 172 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە.
rudaw -
Top