گەشتکردنی هاووڵاتییان بۆ 40 شاری ئێران قەدەخەکرا

گەشتکردنی هاووڵاتییان بۆ 40 شاری ئێران قەدەخەکرا
وەزارەتی تەندروستیی ئێران هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ناوی شارەکانی ئێران لە پلەبەندیی شارە مەترسیدارەکان، شارە جێی هۆشدارییەکان و شارە ئاساییەکاندا، قەدەخەی گەشتکردنی هاووڵاتییانی بۆ 40 شاری "مەترسیدار و زۆر مەترسیداری" لەڕووی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە راگەیاند.

وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاندووە، نۆ شاری ئەو وڵاتە لە دۆخی سوور و زۆر مەترسیداردان و 31 شاریش لە دۆخی پرتەقاڵی و مەترسیداردان کە بوونەتە هۆی قەدەخەی گەشتی هاووڵاتییان بۆ ئەو شارانە.

بەپێی پلەبەندیی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، حەوت شار لەو شارانەی کە لە دۆخی پرتەقاڵیی مەترسیداردان، لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن، لەوانە شارەکانی ورمێ، ماکۆ و نەغەدە لە پارێزگای ورمێ، شاری دێلۆڕان لە پارێزگای ئیلام، شاری دیواندەرە لە پارێزگای سنە، شاری دوروود و پۆلدوختەر لە پارێزگای لۆڕستانن، تاوەکو 20 رۆژی دیکە گەشتکردن بۆیان قەدەخەیە.

هەروەها ئەو نۆ شارەش کە لە دۆخی سوور و زۆر مەترسیداردا دەستنیشان کراون، هەشت شاریان کەوتوونەتە پارێزگای خوزستان و شارێکیش لە پارێزگای کۆکیلۆیە و بۆیرئەحمەددایە.

وەزارەتی تەندروستیی ئێران 259 شاری دیکەی ئێرانیشی وەکو شاری زەرد و جێی هۆشدار و 113 شاری دیکەشی وەکو ئەو شارە نیلییانەی کە دۆخی ئاساییان هەیە، دەستنیشان کردووە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە لە 24 کاژێردا و تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ، 97 کەسی دیکە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و 8380 تووشبووی دیکەی کۆرۆناش دەستنیشانکراون. ژمارەی گشتیی گیانلەدەستدان لە ئێران گەیشتووەتە 61 هەزار و 427 کەس و کۆی گشتیی تووشبووانیش تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 763 هەزار و 313 کەس.
rudaw -
Top