ناسا وێنەیەکی دەریاچەی وان دەخاتە کێبڕکێوە
کەیت روبینس، کەشتیوانی ئاسمانی رۆژی 12ی ئەیلوولی 2016 ئەم وێنەیەی گرتووە. دوای ئەوەی ناسا ئەم وێنەیەی لە ریزی 32 وێنەی دانسقەیی هەڵبژارد و خستییە ئەلبوومی خۆیەوە و ئەو وێنانەی خستووەتە کێبڕکێیەکی تایبەتەوە.
هاونیشتمانیانی باکووری کوردستان، بەتایبەتیش پارێزگاکانی وان و بەدلیس، کە دەکەونە هەردوو دیوی ئەو دەریاچەیە، بەشێوەی جۆراوجۆر پشتیوانی و دڵخۆشیی خۆیان نیشاندەدەن.
هاونیشتمانیانی وان و بەدلیس ئەم وێنەیەیان لە هەژمارەکانی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە و داواکارن پشتگیریی لێبکرێت بۆ ئەوەی لە کێبڕکێیەکەدا دەنگ بهێنێت.
مەهمەت ئەمین بیلمەز، پارێزگاری وان خۆشحاڵیی خۆی بە هەڵبژاردنی وێنەکەی دەریاچەی وان بۆ کێبڕکێی ناسا دەربڕی و رایگەیاند: "ئەم کێبڕکێیە بووەتە هەلێک بۆ زیاتر ناساندنی دەریاچەی وان. ئەم دەریاچەیە یەکێکە لە جوانترین شوێنەکانی جیهان و پێویستە ئەم بەهایە بپارێزین و وەک خۆی پێشکەشی نەوەکانی ئایندەی بکەین".
بەشێک لە هاونیشتمانیانی باکووری کوردستان لینکی پشتیوانیکردن لە وێنەی دەریاچەی وان بڵاودەکەنەوە و داوا دەکەن لە رێی ماڵپەڕی "https://earthobservatory.nasa.gov/tournament-earth" هاووڵاتییان وێنەکانی کێبڕکێیەکەی ناسا ببینن و دەنگبدەن.
ناسا نووسیوێتی :"ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە ئاسمانەوانان وێنەی جۆراوجۆر دەگرن و دیمەنی ناوازەی زەوی بڵاودەکەنەوە. باشە بەڕای ئێوە کام وێنەی زەوی سەرنجڕاکێشترینە و زۆرترین ماوە لە هزری مرۆڤدا دەمێنێتەوە؟ هەڵیانبژێرن. دەرفەتتان لەبەردەمدا هەیە و تاوەکو 13ی نیسانی 2021 دەتوانن هەڵبژێرن".
ناسا لەو 32 وێنەیەی خستووێتیە کێبڕکێکەوە، دوو دوو وێنەکانی داناوە، بەجۆرێک لە هەر دوو وێنەی رووبەڕووکراوە، دەتوانن دانەیەکیان هەڵبژێرن. هەر وێنەیەک بە چوار قۆناخ هەڵدەبژێردرێت و چوارەمین هەڵبژاردن، فاینەڵە. ئەگەر لە چوارەم جاریش هەڵبژێردرێت ئەوکات پلەی یەکەم بەدەستدەهێنێت.
دەریاچەی وان گەورەترین دەریاچەی کوردستانە، رووبەرەکەی 3 هەزار و 713 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و چوار دوورگەی تێدایە. رێژەی خوێ و سۆدە لە ئاوەکەیدا بەرزە. بەشێوەیێکی تێکڕایی بەرزیی ئاستی ئاوەکەی هەزار و 646 مەترە لە ئاستی رووی دەریاوە.
rudaw -
