حوسییەکان هێرشێکی ئاسمانی دەکەنە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئاسمانیی سعودیە
ئەمڕۆ دووشەممە 15-3-2021، عەمید یەحیا سەریع، گوتەبێژی حوسییەکان رایگەیاندووە، بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر سعودیە.
عەمید یەحیا سەریع هەروەها رایگەیاندووە، لە هێرشەکەی ئەمجارەدا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبها و بنکەی سەربازیی ئاسمانیی شا خالیدیان لە باشووری رۆژئاوای سعودیە، کردووەتە ئامانج.
حوسییەکان بزووتنەوەیەکی شیعەمەزهەبی یەمەنین و کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکاریی ماددی، مەعنەوی و لۆجیستییان دەکات.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت.
باسنيوز
