ئەمریکا بۆ عێراق: بەپەلە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی عەین ئەسەد بکرێت
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لە پرۆگرامی "زس ویک"ی کەناڵی ئەی بی سی-ی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمریکا داوا لە عێراق دەکات بەپەلە لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئەو بنکەیە بکات کە دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار و بەرپرسیاری ئەو هێرشەش دیاری بکات.
پێشتر بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکی رایانگەیاندبوو، شێوازی هێرشەکە لە هێرشی ئەو میلیشیایانە دەچێت کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت "هێرشی ئاسمانی دەکەین، ئەگەر پێمانوابێت دەبێت ئەوە بکەین، ئەمەش لە کات و شوێنێکدا کە خۆمان دیاریی دەکەین. داوای مافی پاراستنی سەربازانمان دەکەین".
ئۆستن دووپاتیکردەوە کە ئەوان بەرگری لە سەربازانیان دەکەن و وەڵامدانەوەشیان "ژیرانە" دەبێت، دەشڵێت "هیوادارین ئەوان [ئێرانییەکان] کارە راستەکە بکەن".
دوای هێرشەکەی سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد، باس لە کەوتنەوەی هیچ بریندارێک لەنێو سەربازانی ئەمریکی نەکرا، بەڵام بەپێی راگەیێندراوی پێنتاگۆن، بەڵێندەرێکی مەدەنیی ئەمریکا دوای تووشبوونی بە "جەڵتەی دڵ" لەکاتی هێرشە مووشەکییەکە، کۆچی دواییکرد.
بەرپرسانی عێراقی رایانگەیاند، لە هێرشەکەدا بۆسەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد، 10 مووشەک کەوتوونەتەوە، پێنتاگۆنیش رایگەیاند، مووشەکەکان لە چەند شوێنێکی جیاجیای رۆژهەڵاتی بنکە سەربازییەکەوە بوون، کە ساڵی رابردووش بە هێرشێکی مووشەکی بالستیکی راستەوخۆ لە ئێرانەوە کرایە ئامانج.
لە وەڵامی هێرشەکەی سەر عەین ئەسەد، هێزەکانی ئەمریکا هێرشی ئاسمانییان بۆسەر چەند بنکەیەک لەسەر سنووری سووریا ئەنجامدا کە لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە کۆنترۆڵکراوە کە ئێران پاڵپشتیی لێدەکات، لەنێویاندا کەتائیبی حیزبوڵڵا و کەتائیبی سەید شوهەدا.
rudaw -
