پێنتاگۆن: گرێبەستكارێك لە ئەنجامی بۆردومانی بنكەی عەین ئەسەد دڵی لە كاركردن وەستا
پێنتاگۆن رایگەیاند، "لەنزیكەوە چاودەێری ئەو لێكۆڵینەوانە دەكات، كە دەسەڵاتدارانی عێراقی ئەنجامی دەدەن، سەبارەت بەو ھێرشەی كراوەتە سەر بنكەی عەین ئەسەد".
گوتیشی: "ئەو ھێرشەی كراوەتە سەر بنكەی عەین ئەسەد، بووە ھۆی كوژرانی گرێبەستكارێكی سڤیل"، جەختیشیكردەوە لەوەی "تاكو ئەم ساتە ھیچ راپۆرتێكیان لەبارەی بریندارانی نێو ریزەكانی ھێزەكانی ئەمەریكا لە ئەنجامی ئەو ھێرشە پێنەگەیشتووە".
روونیشیكردوە، نیشانە سەرەتاییەكان ئاماژە دەكەن "10 مووشەك ئاراستەی بنكەی عەین ئەسەد لە عێراق كراون"، جەختیشكردەوە، "سیستەمی بەرگری "C-RAM" مووشەكی كاردكەن بۆ بەرگریكردن لە ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق".
پێنتاگۆن ئاشكرایكرد، "وەزیری بەرگری، لوید ئۆستن، ئاگادار كراوەتەەوە لەو ھێرشەی كراوەتە سەر بنكەی عەین ئەسەد و لە نزیكەوە چاودێری دۆخەكە دەكات". دووپاتیشیكردەوە، "واشنتن لە ئامادەكاری تەواو دایە بۆ ھاریكاریكردنی عێراقییە ھاوبەشەكانیان لە كاتی پێویستدا لە میانی لێكۆڵینەوە لە بۆردومانكردنی بنكەی عەین ئەسەددا".
ئەمڕۆ ھێرشیكی مووشەكی كرایە سەر بنكەی عەین ئەسەد، كە ھێزەكانی ئەمەریكایی و عێراقی و ھێزەكانی سەر بە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە خۆ دەگرێت لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق.
ئەم ھێرشە دوای ھەفتەیەك دێت لە بۆردومانی ئەمەریكا بۆ گرووپە چەكدارەكانی عێراقی سەر بە ئێران لە رۆژھەڵاتی سووریا، ھەروەھا پێش دوو رۆژ لە سەردانی پاپا بۆ عێراق.
بنكەی عەین ئەسەد لە كانوونی دووەمی ساڵی رابردوو دووچاری بۆردومانی ئێران بە مووشەكی بالیستی بوویەوە، وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ كوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی پاسدارانی ئێرانی.
k24 -
