دادگەی دادی نێودەوڵەتی رازیبوو بەدواداچوون بۆ سکاڵای ئێران دژی سزاکانی ئەمریکا بکات
ساڵی 2018 ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سزای بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، تاران ئەوکات سکاڵای دژی ئەو هەنگاوەی ئەمریکا تۆمارکرد، بەڵام ساڵی رابردوو پارێزەرە یاساییەکانی ئەمریکا داوایان کرد دادگەی دادی نێودەوڵەتی سکاڵاکە بە پاساوی نەبوونی بەڵگەی پێویست پووچەڵ بکاتەوە.
بەڵام عەبدولواقی ئەحمەد یوسف، سەرۆکی دادگەکە رایگەیاند، دادوەرەکان تانەی پارێزەرە ئەمریکیەکانیان رەتکردووەتەوە. ئێستا دادگەکە بڕیاریداوە گوێ بۆ سکاڵاکەی ئێران بگرێت، بەڵام دەکرێت چەندین ساڵی پێبچێت تاوەکو بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدرێت.
تەممووزی 2018 ئێران سکاڵاکەی تۆمارکرد، واتە چەند مانگێکی کەم دوای ئەوەی ترەمپ ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشاندەوە و سزاکانی پێشووی بەسەر تاراندا سەپاندەوە.
تاران لە سکاڵاکەیدا دەڵێت، سزاکان پەیماننامەیەکی ساڵی 1955ی نێوان ئێران و ئەمریکا کە بەناوی پەیماننامەی هاوڕێیەتی ناودەبرێت، پێشێل دەکەن. پەیماننامەکە تایبەتە بە رێکخستنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
بڕیارەکەی دادگەی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەکاتێکدایە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە، ئێران رازیبکات پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی سنووردار بکات.
rudaw -
