سیمبولەکەی بەریتانیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، بە ڤایرۆسەکە مرد
هەردوو کچەکەی موور، هانا و لوسی، لە راگەیێندراوێکدا مردنی باوکیان پشتڕاستکردووەتەوە و دەڵێن "بە خەم و دڵتەنگییەکی زۆرەوە مردنی باوکی ئەزیزمان رادەگەیێنین، کاپتن تۆم موور. زۆر سوپاسگوزارین کە لە دوایین کاژێرەکانی تەمەنیدا لەلای بووین".
تۆم موور، ئەو سەربازە خانەنشینکراوە 100 ساڵییەی بەریتانیایە، لە نیسانی 2020 بڕی 45 ملیۆن دۆلاری بۆ شەڕی دژی کۆرۆنا کۆکردەوە، هەفتەی رابردوو دەرکەوت تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.
موور، بەشداریی لە جەنگی جیهانیی دووەم کردووە. هانای کچی پێشتر لە تویتەر رایگەیاند، باوکی لە نەخۆشخانەی بێدفۆرد خەوێندراوە، بە گوتەی کچەکەی، گوتوویەتی، پێویستی بە پاڵپشتیی زیاترە بۆئەوەی بە ئاسانی هەناسە بدات و لە هەناسەتەنگی رزگاربکرێت.
مانگی نیسانی 2020 چوار مانگ دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە جیهاندا، تۆم مووری بۆ یادکردنەوەی 100ەمین ساڵی لەدایکبوونی، پەیمانی دا 1370 دۆلار کۆبکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش 100 جار بە دەووری باخچەی ماڵەکەیدا سوڕایەوە. چاوی بەشێکی بەرچاو لە میدیاکان چووە سەر ئەو کارەی موور، رێکخراو و خێرخوازان پاڵپشتیی دارایی بۆنەکەیان کرد، 45 ملیۆن دۆلاریان بۆ کۆکردەوە.
دوای کۆکردنەوەی پارەکەش، تۆم موور پارەکەی خستە خەزێنەی دەوڵەت و لە شەڕی دژی کۆرۆنا بەکارهێنرا.
لە تەممووزی هەمان ساڵدا شاژنە ئیلیزابێسی دووەم، شاژنی بەریتانیا پێشوازیی لە تۆم موور کرد، ئەو پیاوەی وەکو سەرباز لە هیندستان و بۆرما (میانمار) خزمەتی وڵاتەکەی کردووە.
rudaw -
