هەوڵی ژەهراویکردنی سەرۆکی تونس دەدرێت
لەڕێگای پۆست (بەرید)ێکەوە، هەوڵی ژەهراویکردنی سەرکۆماری تونس دەدرێت.
سەرۆکایەتیی کۆماری تونس رایگەیاندووە، رۆژی سێشەممەی رابردوو پۆستێک بۆ قەیس سەعید، سەرکۆماری تونس هاتووە و سەرۆکی دوانی سەرۆکایەتی پۆستەکەی کردووەتەوە.
سەرۆکایەتیی کۆماری تونس هەروەها رایگەیاندووە، پۆستەکە ماددەیەکی تۆزاوی پێوە بووە و گومان دەکرێ ژەهری رەیسین بێ و هەوڵێک بۆ ژەهراویکردنی قەیس سەعید.
تا ئێستا هیچ کاریگەرییەکی ماددەکە لەسەر جەستەی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی تونس و فەرمانبەرانی سەرۆکایەتی دەرنەکەوتووە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان و لایەنی تەندروستی دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
ناردنی ئەو پۆستە گوماناوییە لەکاتێک دایە، کە پەیوەندییەکانی قەیس سەعید و بزووتنەوەی نەهزە، کە باڵی ئیخوان موسلیمینە لە تونس، لە ئاڵۆزییەکی زۆر دایە.
باسنیوز
