پارێزەرەکەی ترەمپ لەسەر 'درۆی گەورە' رووبەڕووی سکاڵایەکی 1.3 ملیار دۆلاری دەبێتەوە

پارێزەرەکەی ترەمپ لەسەر 'درۆی گەورە' رووبەڕووی سکاڵایەکی 1.3 ملیار دۆلاری دەبێتەوە
کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی ئامێری دەنگدان لە دادگا سکاڵا دژی روودی جولیانی، پارێزەرەکەی دۆناڵد ترەمپ تۆماردەکات لەسەر ئەوەی گوتوویەتی، ساختەکارییەکی فراوان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ئەنجامدراوە.

کۆمپانیای سیستەمی دەنگدانی دۆمینیۆن، پێشتر سکاڵای دژی سیدنی پاوێڵ، پارێزەرێکی دیکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تۆمارکردبوو. کۆمپانیاکە پاوێڵ بەوە تۆمەتبار دەکات کە لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا ئەو کەسانەی نزیک لە ترەمپ هەستاون بە بڵاوکردنەوەی تۆمەت و بانگەشەی بێ بنەما، گوایە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ساختەکاریی زۆریان تێدا ئەنجامدراوە.

ئەو کۆمپانیایە سکاڵایەکی یاسایی 1.3 ملیار دۆلاریی دژی جولیانی تۆمارکردووە و تۆمەتباری کردووە بەوەی "درۆی گەورە"ی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کردووە کاتێک گوتوویەتی ساختەکاریی بەرفراوان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کراوە.

لەگەڵ تەواوبوونی کامپەینی هەڵبژاردن، ترەمپ داوای هەژمارکردنی دەنگەکانی لە هەندێک ویلایەت کرد، باوەڕی بە دەنگدانی پۆستە نەبوو و دەیگوت، دیموکراتەکان هەڵبژاردنەکەیان بە ساختەکاری بردووەتەوە.

ترەمپ داوای لە جولیانی کرد پرسی ئەگەری ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان بباتە دادگا و لێکۆڵینەوە لە ئەگەری دزین و ونبوونی دەنگەکان بکات.

لە چەندین کۆنفرانسدا جولیانی دەرکەوت و رایگەیاند، ساختەکاری هەبووە، بەڵام بەڵگەنامەکان هیچ ساختەکارییەکیان بەو قەبارەیە نەخستەڕوو کە کاریگەریی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن هەبێت.

کۆمپانیاکانی سیستەمی دەنگدان رۆڵێکی کاریگەریان لە دابینکردنی پێداویستیی دەنگدان و پاراستنی ئاسایشی پرۆسەی هەڵبژاردن هەیە.

rudaw-
Top