عەلی باباجان: ئەگەر تورکیا نەوتی هەبووایە کارەسات روویدەدا
عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن - دێڤا لەبارەی ئەو ریفۆرمانەی حکومەتی تورکیا لە بابەتی ئابووری باسیان لێوە دەکات، گوتی، لە تورکیا بەبێ ئەنجامدانی ریفۆرم لە ماف و یاسا، ناتوانن ئابووری بخەنەوە سەر رێگەیەکی دروست، بەڵام ئەوان ناتوانن ئەم پەیوەندییە لە هزری خۆیاندا دروستبکەن.
سەرۆکی پارتی دێڤا رووی دەمی لە حکومەت کرد و رایگەیاند، "ناکرێت ئێوە بە ویستی خۆتان و بەو رێنماییانەی دەتانەوێت، کاروباری دادوەری هەڵبسووڕێنن و لەولاشەوە چاوەڕێی ئەنجامی باش لە ئابووری بکەن، چونکە شتی لەو جۆرە روونادات".
باباجان ئەوەی خستەڕوو، دەکرێت ئەو وڵاتانەی نەوت و گازیان هەیە و لەلایەن حکومەتێکەوە بەڕێوەدەبرێن کە دەسەڵاتی تەواویان هەیە، بە ئاسانی بەرهەمەکە دەربهێنن و بە جیهانی بفرۆشن، ئەوکاتە دادوەری و میدیا بخەنە ژێر گوشارەوە و بە ویستی خۆیشیان مامەڵە بە دراو دەکەن. باباجان لەوبارەیەوە گوتووشیەتی "تورکیا چانسێکی وەهای نییە. هەر باشە نییەتی. ئەگەر سامانی سرووشتیمان هەبووایە لەم دۆخەی ئێستادا کارەسات دروستدەبوو و دۆخەکە بەرەو ئاقارێکی نادیار و نەگەڕاوە دەڕۆیشت".
عەلی باباجان لەبارەی ئەم جۆرە بەڕێوەبردنەی سامانی سرووشتی باسی لەوەش کرد، نموونە زۆرە لە جیهاندا، هەر لە دراوسێی نزیک خۆمانەوە دەستپێبکە تاوەکو وڵاتانی دوور.
سەرۆکی پارتی دێڤا جەختیکردەوە کە حکومەتی تورکیا ئێستا سەرقاڵی کارێکی وەهایە کە "هیچ رێگەیەکی چاکبوونی نییە"، بە پێویستیشی زانی کێشەکانی تورکیا لەڕێگەی دیدگەیەکی سیاسی لەلایەن هەمووانەوە چارەسەر بکرێن.
عەلی باباجان یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ئاکپارتی، پێشتر لە سێ خولدا پەرلەمانتاری ئاکپارتی بووە، هەروەها پۆستەکانی وەزیر، جێگری سەرۆکوەزیران و راوێژکاری باڵای هەبووە. باباجان 8ی تەمموزی 2019 وازی لە ئاکپارتی هێنا و لە 9ی ئاداری 2020 پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنی دامەزراند.
rudaw -
