سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا: ئاماژە هەن کە کۆرۆنای گۆڕاو کوشندەترە لە کۆرۆنای ئاسایی
پاتریک ڤاڵانس، سەرۆکی راوێژکارە زانستییەکانی حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، هەندێ ئاماژەیان بەدیکردووە کە نیشانی دەدەن رێژەی مردن لەنێو ئەو کەسانەی تووشی جۆرە نوێیەکەی کۆرۆنا بوون، بەرزترە بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی کە تووشی جۆرە کۆنەکەی بوون.
بەگوێرەی ئەو بەرپرسە بەریتانییە، ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە 60 ساڵیدایە، ئەگەر تووشی کۆرۆنای کۆن بن، ئەوا لە هەر هەزار کەسیان چاوەڕێ دەکرێت 10 کەس گیانیان لەدەستبدەن.
بەڵام ئەگەر تووشی کۆرۆنای نوێ بن، ئەوا رەنگە لە هەر هەزار کەسیان، 13 یان 14 کەس گیانیان لەدەستبدەن.
هاوکات هەر ئەمڕۆ بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، گوتبووی کە هەندێ "بەڵگە" هەن کە نیشانی دەدەن ڤایرۆسە نوێیەکە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی مردن، بەڵام سەرۆکی راوێژکارە زانستییەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە دەڵێت، هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنراو بۆ ئەوە نییە و ئەوەی کە هەیە تەنیا ئەگەرە.
دکتۆر ئەنتۆیۆ فاوچی، گەورە پەتاناسی ئەمریکی دوێنی رایگەیاند، جۆرە نوێیەکەی کۆرۆنا کە لە بەریتانیا و ئەفریقای باشوور بڵاوبووەتەوە لە جۆرە کۆنەکە کوشندەتر نییە، بەڵام خێراتر دەگوازرێتەوە و وا دەکات کە ژمارەیەکی زیاتری خەڵک تووشبن و ژمارەیەکی زیاتریش بگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکان کە ئەوەش دواجار وادەکات ژمارەیەکی زیاتری خەڵک بکەونە بەر مەترسی مردن.
کریس ویتی، سەرۆکی خزمەتگوزارییە تەندروستیەکانی بەریتانیاش دەڵێت، هەندێک ئاماژەی دابەزینی ژمارەی تووشبووان بە دەرکەوتوون، بەڵام گوتیشی کە چەندین هەفتەی پێدەچێت تاوەکو ژمارەکە بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ ملیۆن و 583 هەزار تووشبووی کۆرۆنا لە بەریتانیا تۆمارکراون. 95 هەزار و 981 کەسیان گیانیان لەدەستداوە. هاوکات نزیکەی 5 ملیۆن و 400 هەزار کەس ڤاکسینی دژە کۆرۆنایان وەرگرتووە.
دەقی گوتەکانی پاتریک ڤالانس، سەرۆکی راوێژکارە زانستیەکانی بەریتانیا:
دەمەوێت شتێک لە بارەی کوشندەیی و تووندیی ڤایرۆسەکەوە بڵێم. کاتێک کە سەیری داتای نەخۆشخانەکان دەکەین، ئەو تووشبووانەی لە نەخۆشخانەن هەموویان، واتە ئەوانەی تووشی جۆرە نوێیەکە و کۆنەکە بوون، ئەنجامی نەخۆشییەکەیان وەکو یەکە. بۆیە هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنراو نییە پێشانی بدات رێژەی مردن لەنێو ئەوانەدا بەرزبووبێتەوە کە لە نەخۆشخانەدا خەوێنراون. هەر چۆنێک بێت کاتێک کە بە گشتی سەیری داتای تووشبووان دەکەین، دەبینین ئەوانەی تووشی ڤایرۆسە نوێیەکە بوون مەترسیی زیاتریان لەسەر وەک لەوانەی تووشی جۆرە کۆنەکە بوون.
rudaw -
