بایدن بڕیارەکەی ترەمپی بۆ دیواری مەکسیک هەڵوەشاندەوە

بایدن بڕیارەکەی ترەمپی بۆ دیواری مەکسیک هەڵوەشاندەوە
جۆ بایدن پارەی تەواوکردنی دیواری مەکسیک و ئەمریکای بڕی، ئەمە لە بڕیارە یەکەمەکانی سەرۆک و هەڵوەشاندنەوەی پرۆژەی دۆناڵد ترەمپە کە شوباتی 2018 بڕیاری دروستکردنی دیوارەکەی دا بۆ ئەوەی رێگریی بکات لە چوونی کۆچبەران بەرەو ئەمریکا.

لەمانگی 2- 2018، دروستکردنی بناخەی دیواری سنووری نێوان ئەمریکا و مەکسیک بە فەرمانێکی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەستیپێکرد. ترەمپ دەیگوت رێگە لە هاتنی کۆچبەران بۆ ئەمریکا دەگرێت و پارەکەشی لە مەکسیک وەردەگرێت.

پەنابەرانی ئەمریکای لاتین چاوەڕێی جێبەجیکردنی فەرمانەکانی سەرۆکی نوێی ئەمریکان. جێسیکا ڤاڵیس، کۆچبەرێکی خەڵکی نیکاراگوا دەڵێت "ئێمە زۆر دڵخۆشین بەمە، جارێکی دیکە هیوامان هەیە، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ براوە بووایە شتەکان وەک خۆیان دەبوون، بەڵام کە بایدن بردیەوە، ئێستا چاوەڕێی پەیمانەکانی ئەوین تاوەکو ببنە هاوکار بۆ ئێمە، ئێمە متمانەمان پێیەتی، بە خودا ئینجا بە ئەو، ئەوە بکات کە پەیمانی داوە".
چالاکڤانانی بواری مافی کۆچبەران و پەنابەرێتی، پێیانوایە ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەست بە چاکسازی لەو بوارەدا دەکات. فێرناندۆ گارسیا، بەڕێوەبەری تۆڕی مافی مرۆڤ لە سنوورەکان دەڵێت: "ئێمە باوەڕمان وایە ئەمساڵ دەبێتە ساڵی چاکسازی لە بواری کۆچبەریدا، ئێمە هەر ئەمڕۆ نامەیەکی کراوەش بۆ سەرۆک بایدن دەنووسین و داوای جێبەجێکردنی پەیمانەکانی خۆی دەکەین بۆ ئەم چاکسازییە".

هەزاران کۆچبەری وڵاتانی ئەمریکای لاتین، لە 2018ـەوە لە مەکسیک گیریان خواردووە، ئەوان چاوەڕێی وەستانی پرۆژەکە و بڕیاری نوێی ئیدارەکەی بایدن دەکەن بۆ ئەوەی هیوایان بۆ بگەڕێتەوە بەرەو ئەمریکا کۆچ بکەن.

میرنا کاستییۆ، کۆچبەری خەڵکی گواتیمالا دەڵێت: "هەرگیز باوەڕمان نەدەکرد لێرە لە مەکسیک بمێنینەوە، هێشتا هیوامان ماوە بگەینە ئەمریکا، ئەمە خەونی ئێمەیە، چاوەڕێ دەکەین بزانین سەرۆکی نوێ چی دەکات، هیوادارم لەگەڵ خێزانەکانمان بگەینە ئەوێ".

سنووری نێوان ئەمریکا و مەکسیک 3218 کم-ە، بەپێی پلانەکە 1609 کم سنووری وشکانی دەکرێت بە دیوار و تائێستا 681 کم لە دیوارەکە تەواو کراوە.

هەرچەندە ترەمپ پەیمانی دابوو خەرجی پرۆژەکە لە مەکسیک وەربگرێت، بەڵام تائێستا ئەمریکا نزیکەی 10 ملیار دۆلاری لە پرۆژەکەدا خەرج کردووە.
rudaw -
Top