دو دادوەری ژن لە ئەفغانستان کوژران

دو دادوەری ژن لە ئەفغانستان کوژران

لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان دەستڕێژی گوللە لە دو دادوەری ژن کرا و دەستبەجێ گیانیان لە دەستدا، تائێستا دیارنییە کێ کوشتونی، بەڵام گومان لە چەکدارانی تاڵیبان دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە لە ئەنجامی دەستڕێژی گوللە دو دادوەری ژنی دادگای باڵای ئەفغانستان کوژران
بەگوێرەی میدیاکانی ئەفغانستان، پۆلیسی کابوڵ رایگەیاندوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە ئەنجامی دەستڕێژی گوللە دو دادوەری ژنی دادگای باڵای ئەفغانستان کوژران.
بکوژەکان هەڵهاتون و تیمەکانی پۆلیسیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردوە
پۆلیس راشیگەیاند، بکوژەکان هەڵهاتون و تیمەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە هیچ زانیارییەک نەگەیشتون کە لە دۆسیەکەدا هاوکارییان بکات.

هیچ لایەنێك بەرپرسیاریێتی خۆی لەو پەلامارە رانەگەیاندوە، بەڵام پەنجەی تۆمەت زیاتر بۆ بزوتنەوەی تاڵیبان درێژدەکرێت کە مێژویەکی درێژی لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە پەلامارانەدا هەیە.

بزوتنەوەی تاڵیبان هەڵگری بیروباوەڕێکی پەڕگیرە، کە دژی کارکردنی ژنان و تێکەڵبونیانە لەگەڵ کۆمەڵگە.

لە مانگی 12ی رابردودا، فریشتە کوهستانی، چالاکڤانی سڤیل لەسەر دەستی چەکدارێكی نەناسراو لە پارێزگای کاپیسا لە باکوری کابول کوژرا.

لە ماوەی 20 ساڵی رابردودا و لەدوای هەرەسهێنانی دەسەڵاتی تاڵیبان، لە ئەفغانستان ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئەفغانستان کوژراون، بەڵام بکوژانی زۆربەیان دەستگیر نەکراون.

سەرەڕای دەستپێکردنی گفتوگۆ لە نێوان بزوتنەوەی تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان، بەڵام لە دو مانگی مانگی رابردودا شەپۆلێکی دیکەی کوشتن و تەقینەوە وڵاتەکەی گرتوەتەوە.

رۆژی 31-12-2020 بۆمبێکی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلی محەممەد جاوید وەلی، جێگری سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری راوێژکاریی ئەفغانستاندا تەقییەوە، بەهۆیەوە شۆفێرەکەی کوژراو و خۆشی بە سەختی برینداربو.

بەرپرسانی ئەمنی ئەفغانستان، بزوتنەوەی تاڵیبان بە ئەنجامدانی تەقینەوەکە تۆمەتبار دەکەن، بەڵام بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاندوە پەیوەندییان بە روداوەکەوە نییە.






خەندان-
Top