ناڕەزایی لایەنگرانی ترەمپ لە بڕیاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بەردەوامە

ناڕەزایی لایەنگرانی ترەمپ لە بڕیاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بەردەوامە
چەند کاتژمێریک دوای کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و پەسەندکردنی بڕیاری لێپێچینەوە‌ لە ترەمپ، کاردانەوەی لایەنگران و دەنگدەرانی ترەمپی لێکەوتەوە. لایەنگرانی ترەمپ پێیانوایە ئەوەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران کرا لەسەر بنەمای پاراستنی یاسای دیموکراسی نەبووە، بەڵكو بەپێچەوانەوە لەسەر بنەمای رق و کینە بووە. خەڵکی داوا دەکەن برینەکان ھێندەی دیکە قوڵنەکرێنەوە و رەچاوی دۆخی وڵات بکرێت.

دەنگدانەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ لێپێچینەوە‌ لە ترەمپ کاردانەوەی شەقام و لایەنگرانی ترەمپی بەدوای خۆیدا ھێناوە.

دەنگدەرانی ترەمپ پێیانوایە ئەوەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران کرا تەنیا شانۆیەکی سیاسی بووە و پێگەی ترەمپی لە ئەمریکا بەھێزتر کردووە.

شایلەر ئێدواردس،لایەنگرێكی ترەمپە گوتی:"ئەوەی روویدا پلان و تاکتیکێکی بێ مانا بوو. وا لێپێچینەوە‌ لە ترەمپ پەسەند کرا، چی روودەدات؟ سەرۆکایەتی تەواو بوو؛ بەڵام پێگەی جەماوەری ترەمپ بەھێزتر دەبێت. ئەوەی بینیمان تەنیا شانۆگەریەکی سیاسی بوو. من لەگەڵ توندوتیژی نیم و ھیوا ناخوازم توندوتیژی رووبدات؛ بەڵام ئەو ھەموو گوشارە بێمانایەی دیموکراتەکان زیان بە ئەمریکا دەگەێنێت. ئەوان نایانەوێت برینەکان سارێژ بکەن دەیانەوێت ھێشتا قووڵتریان بکەنەوە."

دۆخی ئەمریکا ئاڵۆزە و 15 ھەزار گاردی نیشتمانی رەوانەی کۆنگرێس کروان. 20 ھەزار سەرباز خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ پاراستنی مەراسیمی سوێندخواردنی جۆ بایدن.

دۆگڵاس نۆوێڵ، لایەنگرێكی ترەمپە گوتی: "ئەوانەی دەنگیان بە ترەمپ داوە ئێستاش باوەڕی تەواویان بە سەرۆک ترەمپ ھەیە. تەنیا لەبەرئەوەی دیموکراتەکان پێیانخۆش نیە لایەنگرانی ترەمپ بۆچوونی خۆیان نەگۆرن."

ئەندامێکی پارتی کۆمارییەکان لە تێکساس، پێیوایە ئەوەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران کرا مەبەست لێی پاراستنی یاسا و دادپەروەری نەبوو بەڵکو لەسەر بنەمای رق و کینە بەرێوەچوو.

ئالێن وێست ئەندامی پارتی کۆمارییەکان لە تێکساس گوتی: " ئەمە کارێک بوو، کە من پێموایە ئەمەریکا زیاتر دابەشدەکات، کارێکی نەگونجاو بوو. بەم کارەشیان برینەکان سارێژ ناکەن. کارێک بوو لەرێگەیەوە تۆڵەیان لە کەسێک کردووە کە رقیان لێیەتی."

تەنیا یەک ھەفتە ماوە بۆ سوێندخواردنی بایدن و لە واشنتن قەدەغەی ھاتووچۆ و رێوشوێنی توند گیراوەتەبەر. ھاوڵاتیانی ئاسایی لە ئەمەریکا پێیانوایە پێداگری دیموکراتەکان بۆ دادگاییکردنی سەرۆکی وڵاتەکەیان دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و برینەکان قوڵتر دەکاتەوە و داوا دەکەن، ھەموولایەک ئاسایشی ئەمەریکا بخەنە پێش ھەموو شتێکەوە و کارێک نەکەن دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت.
k24 -
Top