بەرپرسێکی ئەمریکی یەکێک لە کارەکانی کابینەی بایدن ئاشکرا دەکات
وڵاتانی پەیوەندار هاوڕان لەچارەسەرکردنی دۆخی ئەو وڵاتەدا
ویلیام رۆبوک، جێگری نوێنەری ئەمریکا لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش لەلێدوانێکی رۆژنامەنوسیدا باسی لەوەشکردوە، پێویست دەکات لەماوەیەکی نزیکی داهاتودا کێشەی سوریا چارەسەربکرێت کە بەجەنگێکی بەردەوامدا تێپەڕدەبێت، لەسەر ئەو بنەمایەش لەئێستادا وڵاتانی پەیوەندار هاوڕان لەچارەسەرکردنی دۆخی ئەو وڵاتەدا.
بنکەکانی ئەمریکا لەچوارچێوەی بەردەوامی گرژییەکاندا چەندجارێک کراونەتە ئامانج
ئاماژەی بەوەشكردوە، بنکەکانی ئەمریکا لەباکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەچوارچێوەی بەردەوامی گرژییەکاندا چەندجارێک کراونەتە ئامانج و لەماوەی رابردوشدا گرژی لەنێوان هێزەکانی هەسەدە کەواشنتن پشتیوانیان دەکات لەگەڵ هێزەکانی تورکیادا دروستبوە.
هەسەدە بەدودڵییەوە مامەڵە لەگەڵ قۆناغی داهاتودا دەکەن
لای خۆیەوە روان ئەلرجولە، توێژەری سیاسی سوریا لەئەمریکا ئاماژە بەوەدەکات، لەئێستادا ئامانجی سەرەکی ئەمریکا لەسوریا بەرەنگاربونەوەی ئێران و رێکخراوی داعشە لەگەڵ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ش بەهۆی بەهێزی پەیوەندییەکانی واشنتن-ئەنقەرە، بەدودڵییەوە مامەڵە لەگەڵ قۆناغی داهاتودا دەکەن چونکە گریمانەی ئەوە دەکەن ئەمریکا لەقۆناغێکدا دەستبەرداریان بێت، ئەگەر لەداهاتودا دەستکەوتی سیاسییان نەبێت.
رەنگە لەگەڵ تێپەڕبونی کاتدا رژێمی سوریا دان بە ئیدارەی کوردا بنێت
باسی لەوەشکردوە، رەنگە لەگەڵ تێپەڕبونی کاتدا رژێمی سوریا دان بە ئیدارەی کوردا بنێت بەپێشمەرجی ئەوەی هیچ پەیوەندییەکیان بە پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکەوە نەمێنێت، ئەوەش لەدەرئەنجامی فشاری ئەمریکا و روسیا بەدیدێت.
خەندان
