مایك پۆمپێیۆ زانیاری هه‌واڵگری له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئێران و رێكخراوی قاعیده‌ ئاشكرا ده‌كات

مایك پۆمپێیۆ زانیاری هه‌واڵگری له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئێران و رێكخراوی قاعیده‌ ئاشكرا ده‌كات
مایك پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا رایگەیاند: بەبەڵگە پەیوەندی توندوتۆڵ لەنێوان ئێران، رێکخراوی ئەلقاعیدە، ئوسامە بن لادن و ئەنجامدەرانی ھێرشەکانی 11ی سێپتێمبەردا ھەبووە.

وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا ناوەڕۆکی نامەیەکی ئوسامە بن لادن، سه‌ركرده‌ی كوژراوی رێكخراوی ئەلقاعیدەی بڵاوكرده‌وه‌، کە پەیوەندی نێوان ئه‌و رێكخراوه‌ و ئێران دەسەلمێنێت و بن لادن لەنامەکەیدا داوا لە ئەندامانی رێکخراوەکەی دەکات و دەڵیت: ئێران سەرچاوەی دارایی و پاڵپشتی ئێمەیە و بەھیچ شێوەیەك شەڕی ئەو وڵاتەکە نەکەن.

له‌ درێژه‌ی گوته‌كانیدا له‌ یانه‌ی راگه‌یاندنی نیشتیمانی له‌ واشنتن، پۆمپێیۆ دووپاتیكرده‌وه‌، "ئەلقاعیدە ئێستا خانەخوێ و بنکەیەکی نوێی ھەیە، ئەویش کۆماری ئیسلامی ئێرانە".

گوتیشی: "ئێمە بەردەوام ئەم پەیوەندییەی ئێران و ئەلقاعیدەمان پشتگوێ دەخست، بەڵام ئێستا دەبێ دانی پێدابنێین و رووبەڕووی ببینەوە و لەراستیدا دەبێ لەناویشی بەرین. نزیکەی 3 ساڵە ئێران بووەتەوە ناوچەیەکی ئارام بۆ ئەلقاعیدە و ئەندامانی ئەو رێکخراوە چوونەتە لای حیزبوڵڵای لوبنان و لەوێ راھێنانیان کردووە".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاشكراشیكرد، "به‌ر له‌ هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەر بەرپرسانی ئێران پاسەوانانی سنووری وڵاتەکەیان ئاگادار کردبوونەوە، بەھیچ شێوەیەك داوای پاسپۆرت لە ئەندامانی ئەلقاعیدە نەکەن لە ھیچ شوێنێك".

هه‌روه‌ها گوتی: "8 كەس لە ئەنجامدەرانی ھێرشەکانی 11ی سێپتێمبەر لە ماوه‌ی نێوان ئۆکتۆبەری 2000 بۆ شوباتی 2001 له‌ ئێران بوون، دواتریش دەرکەوت کە ئێران پاڵپشتی و ھاوکاری تەواویکردوون و دوای رووداوه‌كه‌ی 11ی سێپتێمبەریش، بە سەدان لە ئەندامان و خێزانی چەکدارانی قاعیدە ھەڵھاتن و لە ئێران داڵدەدراون".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "نامەیەکی ئوسامە بن لادنمان دەستکەوتووە و لە نامەکەیدا دەڵێت: ئێران سەرچاوەی دارایی و ھاوکاری و راھێنانی ئێمەیە و نابێت بەھیچ شێوەیەك شەڕ لەگەڵ ئه‌و وڵاته‌ بکرێت، تەنیا لە حاڵەتێکدا نەبێت کە ناچاربکرێن. ئەمە قسەی بن لادنە لەبارەی پەیوەندی رێکخراوەکەی و ئێران".
k24 -
Top