ئەمریکا حزبێکی دیکەی نزیک لە ئێران دەخاتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان
ئەمریکا بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان)ی یەمەن دەخاتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان.
درەنگانی شەوی یەکشەممە 10-1-2021، ئیدارەی ئەمریکا حوسییەکانی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی بێگانە، ناساند.
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەو هەنگاوەی ئەمریکا بە ئامانجی لێپرسینەوە و سزادانی حوسییەکان بەهۆی هێرشەکانیان لە دەرەوەی سنوور، کە خەڵکی مەدەنی و ژێرخان و گواستنەوەی دەریایی دەکەنە ئامانج، نراوە.
مایک پۆمپیۆ هەروەها رایگەیاندووە، جگە لەوەی حوسییەکان وەک رێکخراوێکی تیرۆرستی ناسێندرا، هەر سێ سەرکردەی دیاری حوسییەکان عەبدولمەلیک حوسی، عەبدولخالق بەردەرین حوسی و عەبدوڵڵا یەحیا حەکیم، خراونەتە لیستی تیرۆریستە نێودەوڵەتییەکان.
حوسییەکان بزووتنەوەیەکی شیعەمەزهەبی یەمەنین و کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکاریی ماددی، مەعنەوی و لۆجیستییان دەکات.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت.
باسنيوز
