دوای بلۆککردنی ترەمپ لە تویتەر، نزیکەی 300 هەزار فۆڵۆوەر بۆ جۆ بایدن زیادبووە

دوای بلۆککردنی ترەمپ لە تویتەر، نزیکەی 300 هەزار فۆڵۆوەر بۆ جۆ بایدن زیادبووە
رێوشوێنی ئەمنیی تووند لە کۆنگرێسی ئەمریکا گیراوەتەبەر و دۆخی واشنتن دی سی ئارامە، بەڵام ئەو هەرایەی رۆژی چوارشەممە ترەمپ نایەوە، لەوەناچێت بە ئاسانی بەسەریدا تێبپەڕێت. لە رۆژی پێنجشەممە تویتەر ترەمپی بلۆککرد و دواتریش بە هەمیشەیی هەژمارەکەی هەڵپەسارد.

لەدوای بلۆککردنی ترەمپەوە نزیکەی 300 هەزار فۆڵۆوەر بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی جۆبایدن لە فەیسبووک و تویتەر زیادبوون. تەنیا لە رۆژی پێنجشەممە 257 هەزار فۆڵۆوەر بۆ هەژماری تویتەری جۆ بایدن زیاد بووە. هاوکات پەڕەی فەیسبووکیشی 39 هەزار لایکی بۆ زیاد بووە.

بەپێی داتاکانی فاکتبەیس، کە چاودێریی هەژمارەکانی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا دەکات، تەنیا لە رۆژی پێنجشەممەدا هەژمارەکانی بایدن 296 هەزار ئەکاونتیان بۆ زیادبووە، لەکاتێکدا ئەوانەی دۆناڵد ترەمپ 72 هەزاریان بۆ زیاد بووە.

ئێستا دیموکراتەکان ئامادەکاری بۆ پرۆسەیەکی نوێی لێپێچینەوە لە ترەمپ دەکەن، ئەگەر سەربگرێت، بەر لە تەواوبوونی ویلایەتی سەرۆکایەتی لە کۆشكی سپی دووردەخرێتەوە کە تەنیا 11 رۆژی ماوە.

تێد لیوو، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران کە سەر بە دیموکراتەکانە باس لەوە دەکات، "ئەنجوومەنی نوێنەران گوێگرتنێکی سەرەتایی دەبێت لە رۆژی دووشەممە، لەو دانیشتنەدا ئەندامان دەتوانن هەر پرۆژەیاسایێکیان بوێت پێشکێشی بکەن، لە نێویشیاندا رەشنووسی یاسای لێپرسینەوە. نیازمان وایە بڕگە و یاساکانی لێپرسینەوە بخەینەڕوو لە رۆژی دووشەممە".

ئەو پشێوییەی کە لایەنگرانی ترەمپ نایانەوە و هێرشیان کردە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا، توڕەیی و سەرکۆنەی بەرپرسانی کۆماری و دیموکراتەکانی بەداوە هات.

ڤیدیۆیەکی ترەمپ و خزم و کەسوکاری بڵاوبووەتەوە، لەژێر چادرێک سەیری هێرشی سەر کۆنگرێس دەکەن و بووک و زاواکانی سەمادەکەن و چەپڵە لێدەدەن.

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا نایەوێت ترەمپ بە تەواوبوونی وادەکەی لە کۆشکی سپی بڕوات، دەڵێت لەسەر هەڵسوکەوتەکانی هەفتەی رابردوو ئەگەر دەستلەکارنەکێشێتەوە، ئەوا رێگەی یاسایی بۆ لەکارلادانی دەگرنەبەر.

مورکۆوسکی یەکەم سیناتۆری کۆمارییە کە دەنگی خۆی هەڵبڕی و گوتی، منیش لەگەڵ دوورخستنەوەی ترەمپم، سەرۆکی ئەمریکاش تاوەکو ئێستا رۆیشتنی لە دەسەڵات رەتکردووەتە، بەڵام دەشڵێت، ئامادەیە بە ئاشتیانە دەسەڵات دەستاودەست پێبکات.

لە ئەمریکا ئەگەر سەرۆکی نوێ هەڵبژێردرا، بە سەرۆکی پێشوو دەڵێن، مراویی شەل، بەڵام ئێستا ترەمپ بە تەواوی لە پەلوپۆ کەوتووە، مارک زۆکەربێرگی سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای فەیسبووک لە پلاتفۆڕمەکەی دەریکردووە، کۆمپانیای تویتەریش لە پلاتفۆڕمەکەی هەڵیپەساردووە.
rudaw -
Top