ترەمپ: بەشداریی رێوڕەسمی دەست بەکاربوونی جۆ بایدن ناکەم

ترەمپ: بەشداریی رێوڕەسمی دەست بەکاربوونی جۆ بایدن ناکەم


سەرۆکی ئێستای ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کە بەشداریی رێوڕەسمی دەست بەکاربوونی سەرۆکی نوێی وڵاتەکەی ناکات.

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، کە لە 20-1-2021 کۆتایی بە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی دێت، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، وەڵامی ژمارەیەک رۆژنامەنووس و خەڵکی داوەتەوە.

دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامەکەیدا، رایگەیاندووە، بۆ هەموو ئەوانەی پرسیار دەکەن، بەشداریی رێوڕەسمی دەست بەکاربوونی سەرۆکی نوێ ناکات.

ئەو هەڵوێستەی ترەمپ لە مێژووی ئەمریکادا وێنەی نەبووە، چونکە لە هەموو رێوڕەسمەکانی دەست بەکاربوونی سەرۆکی نوێی ئەمریکا، سەرۆکانی پێشتری ئەو وڵاتە ئامادەی رێوڕەسمەکە دەبن.

دۆناڵد ترەمپ وەک کاندیدی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی رۆژی 3-11-2020 بەرامبەر جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان شکستی هێنا و تا دوو رۆژی رابردوو، دانی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە نەنابوو و بەردەوام رایدەگەیاند، کە لەو هەڵبژاردنەدا ساختەکاری بۆ بەرژەوەندیی بایدن کراوە.














باسنيوز
Top