داوای سزای بەندکردنی هەتاهەتایی بۆ سەلاحەددین دەمیرتاش دەکرێت
ئاژانسی فەرمیی تورکیا بڵاویکردەوە، له سكاڵانامهی تایبهت به رووداوهكانی كۆبانێ، داواکاری گشتیی کۆماریی لە ئەنقەرە داوای 38 جار سزای قورسی ههتا ههتایی بۆ 108 گومانلێكراو كردووە؛ سەلاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ لەنێویاندان.
رۆژی 28ی کانوونی یەکەمی 2020، نووسینگەی داواکاری گشتی ئەنقەرە پەیوەندار بە دۆسیەی پشتیوانیکارانی کۆبانێ، دۆسیەیەکی تۆمەتبارکردنی دژی 108 کەس ئامادەکرد، لەنێویاندا سەلاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە هەبوو.
بۆ لێپرسینەوە لەوانەی لە سەروبەندی هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ پشتیوانی کۆبانێیان کرد، تۆمەتنامەیەک لەلایەن نووسینگەی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەنقەرە دژی 108 کەس ئامادەکرا و 27 کەس لەوان گیراون. لەنێو دۆسیەکەدا ناوی سەلاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە و ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەو پارتە هەن. دۆسیەکەش ئاراستەی 22 مین دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە کرابوو.
بەپێی لێدوانی داواکاری گشتی کۆماری، لە تۆمەتبارکردنەکاندا، بەهۆی چەندین "تاوان"ی وەکو "پێشێلکردنی یەکێتی و یەکپارچەیی وڵات، 37 کوشتن و چەند تۆمەتێکی دیکە"ەوە تەواوی تۆمەتبارکراوان بەهۆی تاوانی جیاوازەوە تۆمەتبارکراون.
دادگەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا رۆژی سێشەممە 22ـی کانوونی یەکەمی 2020 رایگەیاند، "هیچ بەڵگەیەکی بەرجەستەکراو بەردەست نییە بۆ ئەوەی سەلاحەددین دەمیرتاش بەتۆمەتی تیرۆر سزا بدرێت" و رایگەیاند، بڕیاری هێشتنەوەی دەمیرتاش لە زیندان پاڵنەری سیاسی لەپشتە، کە ماوەی چوار ساڵە زیندانییە.
دادگەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا داوای لە حکومەتی تورکیا کرد بە 3500 یۆرۆ قەرەبووی ماددی و 25 هەزار یۆرۆ قەرەبووی مەعنەوی دەمیرتاش بکاتەوە و خەرجییەکانی دادگەش بدات کە 31 هەزار و 900 یۆرۆیە.
سەلاحەددین دەمیرتاش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی تیرۆر لە 4ـی تشرینی دووەمی 2016وە لە گرتووخانەی ئەدیرنە بەندکراوە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا پێشتر لە رۆژی 18ـی تشرینی یەکەمی 2018دا داوای دەستبەجێ ئازادکردنی کردبوو، بەڵام تورکیا پابەندی بڕیارەکە نەبوو.
rudaw -
