مانگێک بەسەر تەقینەوە گەورەکەی بەندەری بەیرووتدا تێدەپەڕێت
تەقینەوەکە کە چوار ملیار و 600 ملیۆن دۆلار زیانی بە شاری بەیرووت گەیاند، جگە لە کاولکاری، گۆڕانکاری سیاسیشی بۆ لوبنان بەدوای خۆیدا هێنا.
دوای ئەو رووداوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەو وڵاتە لە بەرامبەر قەیرانەکان، گەندەڵی و کەمتەرخەمیی حکومەتەکەیان زیادی کرد. دەنگە نێوخۆیی و دەرەکیەکان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی بەپەلە زۆرتر بوون.
حەسان دیاب، سەرۆکی حکومەتی ئەو وڵاتە حەوت رۆژ دوای تەقینەوەکە دەستی لەکارکێشایەوە و رۆژی 31ـی ئاب، موستەفا ئەدیب، باڵیۆزی لوبنان لە ئەڵمانیا وەکو سەرۆکوەزیرانی نوێ دەستبەکاربوو، بەو هیوایەی کە لوبنان لەدوای تەقینەوەکە هەستێنێتەوە سەر پێ و بە ئاراستەی خۆشگوزەرانی بیبات.
موستەفا ئەدیب، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی لوبنان رایگەیاند، "بە پشتیوانیی خوا، دەست لەناو دەستی یەک دەنێین بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئەوەی کە تەقینەوەکە رووخاندوویەتی، بونیاتی بنێینەوە. هەروەها حکومەتێکی نوێ پێکبهێنین و لێکۆڵینەوەکان خێرا بکەین بۆ ئەوەی بزانین کە چی روویداوە و بەزووترین کات ئەنجامەکەیان دەخەینە بەردەم رای گشتی".
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، دوای تەقینەوەکە فەرەنسا رۆڵی سەرەکی لە لوبناندا هەبووە. لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەردانی بەیرووتی کرد و هانی لایەنەکانی ئەو وڵاتەی دا کە بەدەم داواکاریی خەڵکی وڵاتەکەیانەوە بچن، پەلەش لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ بکەن و چاکسازیی پێویست ئەنجامبدەن.
هاوکات باڵیۆزخانەی فەرەنسا پێشنیازێکی چەند خاڵیی پێشکێش بە سیاسیەکانی لوبنان کردووە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی کە بە رەشنووسی پێشنیازی فەرەنسا ناسراوە. پێشنیازەکە ئەم خاڵانە لەخۆ دەگرێت.
- ئامادەکاریی بۆ یارمەتیدانی تووشبووانی کۆرۆنا
- دابەشکردنی شەفافانەی هاریکارییە نێودەوڵەتییەکان
- چاککردنەوەی بەندەری بەیرووت
- ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە لە تەقینەوەکە
- ئەنجامدانی چاکسازی لە کەرتەکانی کارەبا دادوەری، دارایی و کارگێڕی
- بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی
- کارکردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی لە ماوەی یەک ساڵی داهاتوودا
ئابووریی لوبنان پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و پێش تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووتیش داڕمابوو. حکومەتی ئەو وڵاتە 90 ملیار دۆلار قەرزدارە، کە دەکاتە 170%ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆی ئەو وڵاتە.
بەگوێرەی لیژنەی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رۆژئاوای ئاسیا، 25%ـی لوبنانییەکان بێکارن، زیاتر لە 55%ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە لە ژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین. قەرزی زۆری حکومەت، هەڵاوسانی ئابووری و بێ بەهابوونی لیرەی لوبنان بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای نرخی کاڵاکان. ئەوە جگە لەوەی حکومەت توانای دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا و ئاوی نەماوە.
rudaw
