لە کۆرۆناوە تاوەکو کەشتییەکانی نەوت، ئەو گورزە کوشندانەی ئەمساڵ بەر ئێران کەوتوون
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، دەڵێ لە ماوەی رابردوودا، ژمارەیەک گورزی کوشندە بەر ئێران کەوتوون کە وایکردووە ئەو رژێمە، شەڕی باڵادەستبوون و قەڵەمڕەوی لە ناوچەکەدا بدۆڕێنێت، ئەمە لە کاتێکدا وەک رۆژنامەکە دەڵێ دراوسێ عەرەبەکانی ئێران، لەو زیاتر دەترسن تاوەکو ئیسرائیل کە ناکۆکی ئاینیی قوڵیان لەگەڵیدا هەیە.
راپۆرتەکە روونیدەکاتەوە کە تاران، بەهۆی رێککەوتنی ئاشتییانەی نێوان ئیسرائیل و ئیماراتەوە، گورزی کوشندەی بەرکەوت، لە کاتێکدا هێشتا ئەو وڵاتە باجی تەقینەوە گەورەکەی بەیرووت دەدات کە لەسەرەتای ئەم مانگەدا روویدا. بەپێی رۆژنامەکە، ئەو تەقینەوەیە پاشەکشەی زۆری بە قەڵەمڕەویی ئێران لە ناوچەکەدا کردووە بەتایبەت لە عێراق و لوبنان.
رۆژنامەکە نموونە بە دوایین سەردانی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ لوبنان هێناوەتەوە، کە تێیدا دەڵێ "لەگەڵ گەیشتنی زەریف بە خاکی لوبنان، بەرپرسە ئێرانییەکە شۆک بوو، کاتێک هەواڵی پێکهاتنی ئیسرائیل و ئیماراتی بیست، ئەو پێکهاتنە، پێکهاتنی دوو لە گەورەترین رکابەرەکانی ئێرانە لە ناوچەکەدا".
ئێران ئێستا سەرقاڵی وردبوونەوە لە ئاسەواری سزاکانی ئەمریکایە. لە ناوخۆشدا، کۆرۆنا وڵاتەکەی شپرزە کردووە: "کەچی رێککەوتنی ئاشتیشی بەسەرداهات، کە بۆخۆی لە بنەماوە دوو ساڵی رابردوو زۆر قورس بوون، ئەمەش بەهۆی نزیکبوونەوەی ئابووریی ئێران لە کەناری داڕووخانەوە، بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە".
بەپێی نیویۆرک تایمز، سوپای ئەو وڵاتەش لە دۆخێکی پەرێشاندایە، زنجیرەیەک هێرشی بەردەوامی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی ئێران لە سووریا و گورزی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی پاسداران، جگە لە تۆڵەکردنەوەیەکی سیمبولییانە، هیچی دیکەی لەلایەن ئێرانەوە، لێبەرهەم نەهات.
متمانەی ئێرانییەکان بە سەرکردەکانیان لاوازتر بووە، پاش ئەو هەڵمەتە خوێناوییانەی کرانە سەر خۆپێشاندەرانی ساڵی رابردوو. ئەمە جیا لە درەنگ داننانی تاران بەبەرپرسیاریەتی لە خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لە شوباتی رابردوودا لەسەر ئاسمانی تاران، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 176 کەس.
کۆرۆنا وەک دوژمنێکی ناوخۆیی
ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی هەر زوو لەپاش سەرهەڵدانی پەتاکە لەسەر خاکەکەیدا، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەی بەخێراییەکی زۆر بەخۆوە بینی. سیستمی خراپی تەندروستی ئەو وڵاتە و بێتوانایی لە رووبەڕووبوونەوەی ژمارەی زۆری تووشبووان، هۆکارێکی سەرەکی بوون بۆ تەشەنەسەندنی خێرای نەخۆشییەکە.
رۆژنامە ئەمریکییەکە هەڵوەستەی لەسەر دۆخی تەندروستی ئێران کردووە و دەڵێ: "بەدەست بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون بە کۆرۆناوە دەناڵێنێت، دەکرێ ئێران یەکێک لە خراپترین وڵاتانی جیهان بێت".
ئێران، ئێستا بە سەنتەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دادەنرێت، لە نێو ئێرانییەکاندا هەستی ئەوە باڵادەستبووە کە پێیانوایە دامەزراوەی ئاینیی کە دەسەڵاتداری وڵاتە، جڵەوی دۆخەکەی لەدەستدەرچووە.
ئەوەی زیاتر ترسی لای دانیشتووانی وڵاتەکە دروستکردووە، متمانە نەبوونە بەو ژمارانەی مردن و تووشبوون بەنەخۆشییەکە، کە دەسەڵاتدارانی تەندروستی وڵات بڵاویدەکەنەوە. خەڵک پێیانوایە ژمارە راستییەکە، لە ژمارە راگەیەنراوەکە زۆر زیاترە، دەسەڵات پەردەپۆشی دەکات، تاوەکو خەڵک نەتۆقێت.
لێکۆڵینەوەیەکی "بی بی سی فارسی" لەسەرەتای ئەم مانگەدا دەڵێ ژمارەی مردووان بەهۆی کۆرۆناوە لە ئێراندا، سێ ئەوەندەی ژمارەی راگەیەنراوە لەلایەن حکومەتەوە.
تۆمارە فەرمییەکانی حکومەت تا 20ی تەممووزی ئەمساڵ، گیانلەدەستدانی نزیکەی 42 هەزار کەس دووپاتدەکەنەوە، لە کاتێکدا حکومەت ژمارەکەی تا ئەوکاتە بە 20,502 کەس راگەیاندووە. یەکەم حاڵەتی مردن لە ئێران بە کۆڤید 19 بۆ کانوونی دووەمی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە.
رێککەوتنی ئیسرائیل و عەرەب
ئیسرائیل و ئیمارات 13ی ئەم مانگە، رێککەوتنێکیان واژکرد کە دەبێتە هۆی ئاساییکردنەوەی تەواوی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات، هەنگاوێک کە رەنگدانەوەی لەسەر کۆی دیمەنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت لە دۆسێی فەڵەستینەوە تاوەکو ئێران.
رێککەوتنەکە بووە هۆی زیاتر پتەوکردنی ئەو بەرەیەی لە ناوچەکەدا دژایەتی ئێران دەکات، چونکە ئیمارات، ئیسرائیل و ئەمریکاش، پێیانوایە ئێران گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ناوچەکە کە خۆی ناکۆکی قوڵی تێدایە.
ئەمریکا لە دوای راگەیاندنی رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات گوتی: "ئەوە رێککەوتنێکی گرنگی نێوان دوو بەهێزترین هاوپەیمانی واشنتنە لە ناوچەکەدا".
ئیسرائیل هەست بە دڵەراوکێ دەکات، بەتایبەت لە هەوڵی بەردەوامی ئێران بۆ گەشەپێدانی چەکی ئەتۆمی، ئەو کارەی تاران رەتیدەکاتەوە. هەروەها ئێران لە چەندین وڵاتی ناوچەکەدا جەنگی بەوەکالەت بەڕێوەدەبات، لەوانەش سووریا و یەمەن، لە کاتێکدا لە یەمەن، ئیمارات لە سەرکردایەتی هاوپەیمانیی ناوچەکەدا بەشدارە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێزانەی ئێران پشتگیرییان دەکات.
ئێران لە ناوچەکەدا چەندین چالاکی هەمەجۆر لە رێگەی میلیشیا چەکدارە پشتگیریکراوەکانییەوە جێبەجێدەکات. ئەو میلیشیایانە لە سووریا، لوبنان، عێراق و یەمەندا هەن و بوونەتە سەرچاوەی شێواندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، هەروەها واشنتن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چەندین بۆنەی جیاوازدا، سەرکۆنەی دەستتێوەردانی سوپای پاسدارانیان کردووە لە کاروباری دەوڵەتانی ناوچەکە و هەڕەشەکردن لە ئاسایشیان.
ئەو رووە ناشرینەی ئێران پێشانی دراوسێکانی رۆژئاوای خۆی داوە، لە دەستتێوەردان لە کاروباری زۆرینەیان و بەردەوامبوون لە ناکۆکی لەگەڵیاندا، لەوانەیە دواجار پاڵنەری ئاشتبوونەوەیەکی مێژوویی نێوان عەرەب و ئیسرائیل بێت کە پێشتر بەخەون ناودەبرا.
لە دوای ئیماراتەوە، سوودان بەئاشکرا ویستی خۆی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل راگەیاند. پێشتر سەرچاوەکان ئاشکرایانکردبوو کە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، سعودیە، بەحرەین، عەمان و عێراقیش بەدوای ئیماراتدا، دەست بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا دەکەن. ئەمەش بێگومان دروستکردنی بەرەیەکی گەورەی دوژمنەکانی ئێرانە لە ناوچەکەدا.
کەشتیەکانی ئێران لە رێگادا بەرەو ڤەنزوێلا
جیا لە راپۆرتی رۆژنامە ئەمریکییەکە، سەرەتای ئەم هەفتەیە، لە رووداوێکی دیکەدا، واشنتن گورزێکی راستەوخۆی لە ئێراندا، کاتێک دەستبەسەرداگرتنی باری چەند کەشتییەکی ئێرانی لە دەریادا راگەیاند.
وەزارەتی دادی ئەمریکا، ئاشکرایکرد باری چوار کەشتیی گوێزەرەوەی نەوتی ئێرانیی دەستبەسەرکردووە، کە لە رێگادابوون بەرەو ڤەنزوێلا کە بەدەست تەنگژەیەکی دارایی قوڵەوە دەناڵێنێت.
وەزارەتە ئەمریکییەکە گوتی باری کەشتییەکان پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە هەیە، ئەو سوپایەش لە لیستی ئەو رێکخراوانەدایە کە ئەمریکا بە تیرۆریست ناویان دەبات.
پێشتر ئەمریکا رایگەیاندبوو کە سزای هەر خاوەن کەشتییەک و خودی ئەو کەشتییانەش دەدات، ئەگەر بەشداری لە بازرگانیی نەوتی نێوان ڤەنزوێلا و ئێراندا بکات. ساڵی پێشوو زنجیرەیەک رووداوی هاوشێوەی پەیوەندیدار بە باری کەشتییە ئێرانییەکان لە کەنداودا روویاندا، بەڵام ئەوە یەکەمجارە واشنتن دەستبەسەر باری کەشتییە نەوتهەڵگرە ئێرانییەکاندا دەگرێت.
شارەزایان و توێژەرانی کاروباری ئێران، پێیانوایە ئەم هەنگاوەی ئەمریکا، گەشەسەندنێکی گرنگە لە گەرمەی ململانێکانی نێوان ئەمریکا - ئێراندا، لەوانەیە سەرەتای کۆتوبەندکردنی زیاتری کەرتە جیاوازەکانی ئێران بێت، وەک کەرتی پیترۆکیمیاوی.
پەیامێکی بەهێز
سەعید قاسمی نەژاد، توێژەری تایبەتمەندی کاروباری ئێران دەڵێ "دەبوو زۆر لەمەوپێش ئەو نەوتگوێزەرەوانە دەستبەسەربکرێن کە ئابڵوقەکان دەشکێنن".
نەژاد پێیوایە ئەم رووداوە وەک "پەیامێکی بەهێز وایە، هەروەها ئەو مەترسییانە زیاد دەکات کە پێویستە ئێران خۆییان لێبپارێزێت، تاوەکو بتوانێ بەردەوامی بدات بە هەناردەکردنی نایاساییانەی نەوتەکەی".
"ئێران لە هەوڵەکانی بۆ فرۆشتنی سووتەمەنی بەردەوام دەبێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەکرێ و پێویستە لەسەری، هەوڵەکانی خۆی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو نەوتە زیاتر بکات. چونکە چاودێریکردنی ئەو نەوتگوێزەرەوانە زۆر ئاسانە، ئەمریکاش توانای باشی بۆ دەستبەسەرداگرتنیان هەیە"، قاسمی نەژاد وا دەڵێ.
لەبارەی رێگەکانی دیکەی بەردەستی تاران بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی، ئەو پسپۆرە دەڵێ: "ئێران تەنیا بڕێکی دیکەی کەم لە نەوتەکەی هەناردە دەکات، بەڵام ئەوە مەترسییەکانی سەری زیاد دەکات، بۆیە تادێت داهاتەکانی لەوبارەیەوە کەمدەبنەوە".
قاسمی پێیوایە کە دەبێ ئەو هەنگاوەی ئەمریکا، هەنگاوێکی دیکەشی بەدوادا بێت، ئەویش رێگەگرتنە لە هەناردەکردنی بەرهەمە پترۆکیمیاوییەکانی ئێران.
پێشتر وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ناوی 125 کەشتی و نەوتگوێزەرەوەی ئاشکراکردبوو کە کار بۆ هێڵی گواستنەوەی دەریایی ئێران دەکەن و کاری قاچاخچییەتی بۆ ئێران دەکەن. ناوەکانی ناو ئەو لیستە لەلایەن ئەمریکاوە رووبەڕووی سزا دەبنەوە.
دابەزینی داهاتەکان
ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران راگەیاند و گەمارۆی خستە سەر هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە کە بەهۆیەوە، هەناردەی نەوتی ئێران بۆ کەمتر لە 100 هەزار بەرمیلی رۆژانە دابەزی.
هاوکات بەهۆی ترس لە سزاکانی ئەمریکا کۆمپانیا بیانییەکانی بواری نەوت و پاڵاوگەکان، خۆیان لە وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لە ئێران بەدوور دەگرن. واشنتن دەڵێ ئێران بەرهەمە نەوتییەکانی خۆی بەکەشتی بۆ ڤەنزوێلا دەگوازێتەوە، تاوەکو هاوکاریی رژێمی ئەو وڵاتە بدات کە لە دۆخێکی دارایی یەکجار قورسدایە.
ئابڵوقە و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، کاریگەریی زۆری لەسەر توانا داراییەکانی ئێران دروستکردووە، ئاژانسی 'فارس'ی ئێرانی لە راپۆرتێکدا قەبارە و داهاتی فرۆشتنی نەوتی وڵاتەکەی لە ماوەی ساڵی رابردوودا، بڵاوکردەوە. ئاژانسەکە ئاشکرایکردووە سزاکانی ئەمریکا، بەڕێژەی بەرچاو ئاستی هەناردەی نەوتی ئێرانی کەمکردووەتەوە.
راپۆرتەکە دەڵێ ئێران پێشتر 490 هەزار بەرمیلی رۆژانەی نەوت رەوانەی دەرەوە دەکرد، لە دوایین ساڵی بەر لە گەڕانەوەی سزاکانی سەر وڵاتەکەدا، کە داهاتەکەی دەیکردە 8.9 ملیار دۆلار، بە ئەژمارکردنی نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بە 50 دۆلار.
ئیسحاق جەهانگیری، جێگری سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، داهاتی وڵاتەکەی لە فرۆشتنی نەوت: "لە 100 ملیار دۆلاری ساڵانەوە، بۆ تەنیا 8 ملیار کەمیکردووە". ئەو گوتی ئەو کەمکردنەوەیە رەنگدانەوەی لەسەر هەموو کەرتەکانی ئێران هەبووە.
پێشتر حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران ئاشکرایکردبوو کە داهاتەکانی وڵاتەکەی لە فرۆشتنی نەوت، بەهۆی سزاکانەوە بەبڕی 50 ملیار دۆلاری ساڵانە کەمیکردووە. لە کاتێکدا هەندێک سەرچاوە دەڵێن، ئێستا ئێران رۆژانە تەنیا 500 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، ئەمریکا پێیوایە ئەو سزایانەی سەپاندوویەتی، دەبێ بووبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی فرۆشەکانی ئێران بۆ 300 هەزار بەرمیلی رۆژانە.
لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی رابردوودا، ئاژانسی 'مەهر'ی نیمچەفەرمی، راپۆرتێکی وەزارەتی نەوتی ئێرانی لەبارەی سەرژمێرییەکانی ساڵانەوە بڵاوکردەوە، کە تێیدا باس لە داهاتە نەوتییەکانی ئێران دەکات لە نێوان ساڵانی 2015 تا 2019.
بەپێی راپۆرتەکان، داهاتەکانی فرۆشی نەوتی خاوی ئێران لەو ماوەیەدا بەپێی ریزبەندییەکانی ساڵانە بەمشێوەیە بووە:
27 ملیار و 308 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2015
41 ملیار و 123 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2016
52 ملیار و 728 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2017
60 ملیار و 519 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2018
19 ملیار و 233 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2019
ئەحمەد فاروق، توێژەری کاروباری ئێران دەڵێ، بەرپرسە ئێرانییەکان دووپاتیدەکەنەوە کە هەناردەی نەوتی ئێران لەچاو ساڵانی بەر لە سزاکاندا، تەنیا 6 لەسەدی ماوەتەوە.
ئەو ئاماژە بە ژمارەیەکی کۆمپانیای 'کبلەر' دەدات کە تایبەتە بە فرۆشی نەوت لە جیهاندا و دەڵێ، ئێران لە ماوەی حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2020دا، رۆژانە تەنیا 230 هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر کەمبوونەوەی فرۆشی نەوتی ئەو وڵاتە بەرێژەی 90 لەسەد.
پاڵنەرەکانی ئەمریکا لە دەستبەسەرکردنی کەشتییەکاندا
بەبڕوای ئەحمەد ئەلباز، سەرۆکی سەنتەری 'هۆشداریی پێشینە' بۆ توێژینەوە سیاسی و ئاسایشییەکان، هەنگاوەکەی ئەمریکا پەیوەندی بە چەند هۆکارێکەوە هەیە، یەکەمیان ئەوەیە کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا نزیکە، لەبەرئەوە بەریەککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران زیاد دەکات، چونکە ئەو رووبەڕووبوونەوەیە "پێکهێنەری سەرەکی جوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ بووە لە ساڵانی رابردوودا."
باز هۆکارێکی دیکەی پەنابردنە بەر هەڵچوونەکانی ئەمریکا بۆ بەردەوامبوون لە راگرتنی ئێران دەگەڕێتەوە، چونکە وەک ئەو دەڵێ ئەوە وەڵامێکی ئەمریکایە لە بەرامبەر دەستدرێژی و هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ئەمریکا، وەک نزیکبوونەوەی بەلەمە ئێرانییەکان لە کەشتییەکانی ئەمریکا لە کەنداودا، هەروەها دەستتێوەردانی زیاتر لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت گومانی ئەمریکا لە هەبوونی پاداشت لەلایەن ئێرانییەکانەوە، بۆ ئەو هێرشانەی تاڵیبان لە ئەفغانستاندا، دەیانکاتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتەدا.
پاڵنەری سێیەم وەک ئەوەی باز دەڵێ، دووپاتکردنەوەی ئەمریکایە لەو پەیامەی بۆ ئێرانی دەنێرێت و تێیدا دەڵێ سەرقاڵبوون بە هەڵبژاردنەکان و تەنگژەی کۆرۆنا، نابێتە هۆکار بۆ دروستکردنی هەر درزێک تاوەکو ئێران بەهۆیەوە بتوانێ خۆی لە سزاکان بدزێتەوە
rudaw
