واشنتن داوای راگەیاندنی ئاگربەستی خێرا لە لیبیا دەکات
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە راگەیەندراویکدا داوای راگەیاندنی ئاگربەست و تێهەڵچونەوە لە دانوستانەکانی لیبیای دەکات بە زوترین کات.
ئەمریکا دژایەتی هەر ئاڵۆزییەکی سەربازی دەکات کە لە لیبیا ئەنجامبدرێت، گرنگیش نییە چ لایەنێک ئەو کارە ئەنجام دەدات
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ئەمڕۆ دوشەممە لەراگەیەندراوێکدا لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دژایەتی هەر ئاڵۆزییەکی سەربازی دەکات کە لە لیبیا ئەنجامبدرێت، گرنگیش نییە چ لایەنێک ئەو کارە ئەنجام دەدات.
پێویستە پڕۆسەی سیاسی لیبیا لەسەر بنەمای دانوستانەکانی (5+5) و کۆنفرانسی بەرلین و دەستپێشخەرییەکەی میسڕ دەستپێبکاتەوە
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە پڕۆسەی سیاسی ئەو وڵاتە دەستپێبکاتەوە لەسەر بنەمای دانوستانەکانی (5+5) لە بارەگای نەتەوە یەکگرتوەکان و دەرئەنجامەکانی کۆنفرانسی بەرلین و دەستپێشخەرییەکەی میسڕ.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی میسڕ رایگەیاند، شەوی رابردو سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا لەبارەی قەیرانی لیبیاوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسڕ ئەنجامداوە، بەمەبەستی پتەوکردنی هاوکارییەکان نێوانیان بۆ رێگریکرن لە ئاڵۆزبونی زیاتری رەوشی لیبیا.
بڕیاریشە سبەی سێشەممە کۆمکاری عەرەبی لەگەڵ لیژنەی نێودەوڵەتی پێکهێنراو بۆ چارەسەری قەیرانی لیبیا کۆببنەوە، ئەو کۆبونەوەیەش لەسەر ئاستی گەورە دیپلۆماتکارانی وڵاتانی عەرەبی و جیهانی بەڕێوەدەچێت.
خەندان
