ئەمریکییەکان بۆ چارەسەری نەخۆشی روو لە مەزارگەی فلۆید دەکەن
لەو شوێنەی جۆرج فلۆیدی هاووڵاتیی رەشپێستی ئەمریکی کوژرا، وێنەیەکی گەورەی فلۆید نەخشێندراوە و هاووڵاتییانی ئەمریکی وەک شوێنێکی پیرۆز، رووی تێدەکەن.
قەشەیەکی ئەمریکی بەناوی چارلز کارۆکو، رایگەیاندووە، هاووڵاتییان لەو شوێنە نزا و پەرستش دەکەن و داوای شیفا بۆ نەخۆشییەکانیان دەکەن.
ئەو قەشەیە هەروەها رایگەیاندووە، دوای دروستکردنی وێنەی جۆرج فلۆید لە شوێنەکە، نەخۆشێک، کە ماوەی 20 ساڵ بە هۆی ئازاری پشتییەوە ناڵاندوویەتی، هاتووە و لەوێ نزای بۆ چاکبوونەوەی خۆی کردووە و یەکسەر چاک بووەتەوە.
جۆرج فلۆیدی تەمەن 46 ساڵ، لە شاری میناپۆلیس لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریکا رۆژی 25-5-2020 چووە دوکانێک و دراوی 20 دۆلاری بۆ کڕینی کەلوپەل بەکار هێنابوو، بەڵام خاوەنی دوکانەکە گومانی ساختەبوونی دۆلارەکەی کردبوو و پەیوەندیی بە پۆلیس کرد.
دوای گەیشتنی بە دوکانەکە، پۆلیسێکی سپیپێست چۆکی خۆی خستبووە سەر ملی جۆرج فلۆید و ئەویش هاواری دەکرد ”ناتوانم هەناسە بدەم“، بەڵام پۆلیسەکە گوێی بە هاواری ئەو پیاوە رەشپێستە نەدا و کوشتی.
باسنيوز
