شارەزایەكی وزە: نرخی بەرمیلی نەوت تا 60 دۆلار بەرز دەبێتەوە

شارەزایەكی وزە: نرخی بەرمیلی نەوت تا 60 دۆلار بەرز دەبێتەوە
شارەزایەكی كاروباری وزەی عێراق پێشبینی دەكات نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت بۆ 60 دۆلار بەرز بێتەوە.


فورات موسەوی شارەزای كاروباری وزە بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاندووە چاوەڕوان دەكەن لەناكاوێك نرخی نەوت بەرزبێتەوە و تا كۆتایی ئەمساڵ بەهای هەر بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت بگاتە 60 دۆلاری ئەمریكی.

موسەوی ئاماژەی بەوە داوە ژیانەوەی كەرتی پیشەسازی وڵاتان بە تایبەتی چین و وڵاتانی تری ئاسیا، وای كردووە نرخی نەوت تا رادەیەك سەقامگیری بەخۆوە ببینێت، هەروەها ڕێككەوتنی گرووپی ئۆپك و رووسیاش لەسەر كەمكردنەوەی بەرهەمی نەوت، كاریگەری خۆی دەبێ لەسەر سەقامگیری زیاتری نرخی نەوت لە بازاڕەكانی وزەی جیهاندا.

شارەزا عێراقییەكە بە دیاریكراوییش ئاماژە بە مانگی تەمووزی داهاتوو دەدات كە چاوەڕوان دەكرێ داواكاری وڵاتان و كۆمپانیا جیهانییەكان لەسەر نەوت لە بازاڕەكانی وزەدا زیاد بێت، بەمەش نرخی نەوت نەك هەر سەقامگیر دەبێ، بەڵكو بەرزیش دەبێتەوە.

موسەوی دووپاتی كردووەتەوە كە پێدەچێ تا كۆتایی ئەمساڵ نرخی نەوت بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە و نرخی هەر بەرمیلێك بگاتەوە بە 60 دۆلاریش، بە تایبەتی ئەگەر دۆخی سیاسی و ئابووری وڵاتانی جیهان سەقامگیر بێت.








باسنيوز


Top