نرخی نەوتی خاو جارێکی دیکە دادەبەزێت

 نرخی نەوتی خاو جارێکی دیکە دادەبەزێت
بەهۆی زۆربوی ژمارەی توشبوانی نوێی کۆرۆنا لە جیهاندا، نیگەرانییەکان لەبارەی کەمبونەوەی خواست لەسەر ئەو بەرهەمە لەبازاڕەکانی جیهاندا سەریهەڵداوەتەوە، بەوەش نرخەکەی جارێکی دیکە روی لە دابەزین کردەوە.

نرخی نەوتی خاوی برێنت 20 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی لە دوایین مامەڵەدا بە 39.52 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا


بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت 20 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی، کە دەکاتە لەسەدا 0.5ی نرخەکەی، لە دوایین مامەڵەدا بە 39.52 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا، ئەوەش لەپاش ئەوە دێت شەوی رابردو نرخەکەی بەڕێژەی لەسەدا 2.6 بەرزبوەوە.

نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی بە بڕی 21 سەنت کەمیکرد و بە 36.91 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە بازاڕەکانی جیهاندا فرۆشرا


لەبەرامبەردا نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی بە بڕی 21 سەنت کەمیکرد، کە لەسەدا 0.6ی نرخەکەیەتی و بە 36.91 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە بازاڕەکانی جیهاندا فرۆشرا، لە پاش ئەوەی شەوی رابردو نرخەکەی بە رێژەی لەسەدا 2.4 زیادیکرد.

لە ئێستادا ژمارەی توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکای لاتین بە رێژەیەکی مەترسیدار لە هەڵکشاندایە، هاوکات لە چین و ئەمریکا ئەگەر بڵاوبونەوەی شەپۆلی دوەمی ڤایرۆسەکە سەریهەڵداوە، بە بڕوای هەندێک لە ئابوریناسان لەوانەیە بەهۆیەوە جارێکی دیکەی پڕۆسەی داخستنی سنورەکان و راگرتنی چالاکییە ئابوری بازرگانەکان دەستپێبکاتەوە، ئەوەش وایکردوە جارێکی دیکە نرخەکەی رو لە دابەزین بکات.

لەلایەکی دیکەوە ئەگەری کەمکردنەوەی زیاتری بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێک+ لەئارادایە، ئەوەش وایکردوە دابەزینی نرخەکەی لە سنورێکی دیاریکراودا بێت.

دوێنێ دوشەممە وەزیری وزەی ئیمارات رایگەیاند، متمانەی تەواوی هەیە کە وڵاتانی ئۆپێک+ پابەندی تەاوی رێککەوتنی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت دەبن و لەکاتی پێویستیش برەکەی زیاتر کەمدەکەنەوە، بەهۆیەوە هیوای وەبەرهێنەران لەبارەی کەمبونەوەی ئاستی خستنەڕوی ئەو بەرهەمە لەبازاڕەکاندا گەڕایەوە.



خەندان
Top