ئەڵمانیا گەشتكردن بۆ توركیای قەدەغە كرد

ئەڵمانیا گەشتكردن بۆ توركیای قەدەغە كرد
بە گوێرەی زانیارییەكانی ماڵپەری (T24)ی توركی، حكوومەتی ئەڵمانیا داوای لە هاووڵاتیانی كردووە تا كۆتایی مانگی هەشت، بۆ مەبەستی گەشتیاری سەردانی ١٦٠ وڵات نەکەن كە توركیاش لەنێویاندایە.

جومهور سەفەر سەرۆكی یەكێتیی گەشتیاریی (توركیا _ ئەڵمانیا)، قسەی بۆ ماڵپەڕی (T24)ی توركی کردووە و گوتوویە ئەو ئاگاداركردنەوەیەی ئەڵمانیا بەو مانایە نییە كە گەشتكردن بۆ توركیا قەدەغە بێت، بەڵام دەڵێت گەر بچیتە توركیا ناتوانیت بگەڕێیتەوە بۆ ئەڵمانیا، كە ئەمەش هەر وەكوو قەدەغە وایە.

ئەو ئاشكرای كرد، بۆ دژایەتیكردنی ئەو بڕیارەی حكوومەتی ئەڵمانیا، ئەو توركانەی لەو وڵاتە دەژین و پێویستیانە گەشت بۆ توركیا بكەن و رێگەیان پێ نادەن، لە ١٨ی ئەم مانگە رێپێوان لە چەندین شاری ئەڵمانیا ئەنجام دەدەن و داوا دەكەن گەشتكردن بۆ توركیا دەست پێ بكاتەوە.

لەمبارەوە رەجەب تەییب ئەردۆغان بۆ میدیاكاران قسەی كردووە و ئاماژەی داوە كە لە هەوڵدایە لەگەڵ ئەنجێلا مێركل بگەنە رێككەوتن بۆ دەستپێكردنەوەی كەرتی گەشتیاری نێوان هەردوو وڵات.






باسنیوز
Top