وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: دەمانەوێت پەیوەندیەکانمان لەگەڵ بەغدا بەهێزتر بکەین

 وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: دەمانەوێت پەیوەندیەکانمان لەگەڵ بەغدا بەهێزتر بکەین

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن وەک ناوچەی ئەنجامدانی جەنگ هەڵسوکەوت لەگەڵ عێراقدا ناکات، دانوستانەکانی نێوان هەردولا لە بواری سەربازیدا کورت نابێتەوە، بەڵکو بەمەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی نێوانیانە لەڕوی سیاسی، ئابوری و رۆشنبیرییەوە.

ئەمریکا وەک یەکەمین وڵات لەسەر ئاستی جیهان دەمێنێتەوە، لەڕوی دابینکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ عێراق


مۆرگان ئۆرتیگاس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەمیانە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە رایگەیاند، "ئەمریکا وەک یەکەمین وڵات لەسەر ئاستی جیهان دەمێنێتەوە، لەڕوی دابینکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ عێراق و بەهێزکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوانیان، واشنتن دەیەوێت عێراق دەسەڵاتێکی سەقامگیری هەبێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی سیاسەتی زۆرترین فشار بەرامبەر ئێران بەکاردەهێنێت، تا تواناکانی ئەو وڵاتە لە پاڵپشتیکردنی لایەنگرانی لەناوچەکە لاوازبکات.

واشنتن وەک ناوچەی ئەنجامدانی جەنگ هەڵسوکەوت لەگەڵ عێراقدا ناکات، بەڵکو دەیەوێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەغدا لەڕوی سیاسی، ئابوری و رۆشنبیرییەوە، بەهێزتربکات


ئەو وتەبێژە ئەوەشی خستەڕو، واشنتن وەک ناوچەی ئەنجامدانی جەنگ هەڵسوکەوت لەگەڵ عێراقدا ناکات، بەڵکو دەیەوێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەغدا لەڕوی سیاسی، ئابوری و رۆشنبیرییەوە، بەهێزتربکات، دانوستانەکانیشی لەگەڵ ئەو وڵاتە تەنها لەبواری سەربازیدا کورت نابێتەوە.

ئێوارەی 11ی ئەم مانگە بە کاتی هەرێمی کوردستان، خولی یەکەمی کۆبونەوەی ستراتیژی نێوان حکومەتی عێراق و ئەمریکا بەڕێوەچو، بەمەبەستی ئەنجامدانی رێککەوتن و ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان کە دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری فەرماندەیی گشتی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەبەغدا دروستبوبو.

دوێنێ هەینی حکومەتی ئەمریکا و عێراق بەیاننامەیەکی هاوبەشیان لەبارەی دەستپێکردنی دانوستانە ستراتیژییەکانی نێوانیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، هەردولا وتوێژیان لەسەر کۆمەڵێک تەوەر کردوە، لەوانە ئاسایش، نەهێشتنی تێرۆرزم، ئابوری، وزە، بابەتە سیاسیـیەکان و پەیوەندیـیە ڕۆشنبیریـیەکانی نێوان هەردو وڵات.

هەردو وڵات جارێکی دیکە جەختیان کردوەتەوە، سەر ئەو پـرنسیپانەی لە رێکەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی لەسەری رێکەوتون وە ئەوانەشی لە یاداشتنامە دیپـلۆماسیـیەکان و نامەکانی عێراق بۆ ئەنجومەتی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاماژەیان پـێکراوە لە نامەی ژمارە(S/2014/440) لە 25ی مانگی شەشی 2014و نامەی ژمارە (S/2014/691) لە 20 ی مانگی نۆی 2014.

هاوکات ویلاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دوپاتیکردوەتەوە، ڕێز لە سەروەری عێراق دەگرێت، لە یەکپارچەیی خاکەکەی، لە بڕیارە پەیوەستانەی لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانەری و جێبەجێکاری عێراق دەرچون (تەشریعی و تەنفیژی).



خەندان-
Top