پەرلەمانی تورکیا یاسای پاسەوانی گەڕەکەکان دەردەکات
پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای پاسەوانی گەڕەکەکان دەردەکات و ئۆپۆزیسیۆن بە ”میلیشیا“ ناوی دەبات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-6-2020، پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای پاسەوانی گەڕەکەکانی پەسەند کرد، کە ژمارەیان 82 هەزار کەسە و رێگایان پێدەدرێ چەک هەڵبگرن و خەڵکی بۆ وەرگرتنی ناسنامە، رابگرن.
ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا پەسەندکردنی ئەو پرۆژەیاسایە بە هەوڵێکی رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆمار بۆ دروستکردنی میلیشیای چەکداری، هەژمار دەکەن.
ماهیر پۆڵات، پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی ئۆپۆزیسیۆن، رایگەیاندووە، ئەردۆغان ئەو دەزگایە بۆ بەرژەوەندیی خۆی و پاراستنی خۆی و حزبەکەی، بەکار دەهێنێت.
پاسەوانی گەڕەکەکان زیاتر لە سەدەیەکە لە تورکیا هەیە، بەڵام دوای کودەتا شکستخواردووەکەی تەمموزی 2016، کە بەشێک لە فەرماندەکانی سوپا هەوڵیان دا ئەردۆغان لە سەرۆکایەتیی وڵات بهێننە خوارەوە، دەزگای پاسەوانی پتەوتر و کاراتر کرا.
باسنيوز
