داهاتی فرۆشی نەوتی سعودیە 11 ملیار دۆلار دابەزیوە
هەناردەی نەوتی سعودیە لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی رابردوو 21.9% دابەزیوە، کۆی داهاتەکەشی لەو ماوەیەدا 40 ملیار دۆلارە، کە بەراورد بە چارەگی یەکەمی ساڵی پار 11 ملیار دۆلار کەمیکردووە.
دەستەی گشتیی ئاماری سعودیە ئامارەکانی پەیوەست بە هەناردەی نەوتی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە، بەپێی راپۆرتی دەستەکە، هۆکاری سەرەکی دابەزینی هەناردەی سعودیە بە رێژەی 20.7% لە چارەگی یەکەم، پەیوەستە بە دابەزینی ئاستی هەناردەی نەوت.
دەستەی گشتیی ئاماری سعودیە باسی لەوە کردووە، هەناردەی بەرهەمە نانەوتییەکان لەنێویاندا ماددەی کیمیایی و پلاستیکی دابەزینێکی بەرچاوی تۆمارکردووە و بە رێژەی 16.5٪ پاشەکشەی کردووە.
چین وەک گەورەترین هاوردەکاری سعودیە لە سەرەوەی ئەو لیستەیە کە سعودیە کاڵاکانی بۆ هەناردە کردبێت، دواتر هەریەک لە ژاپۆن و هیندستان ریزبەندی دووەم و سێیەمی لیستەکەیان گرتووە، هەناردەی سعودیەش بۆ ئەو وڵاتانە زیاتر نەوتی خاوە.
لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵ نرخی نەوت زیاتر لە 60٪ بەهاکەی لەدەستدا، ئەوەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت و شەڕی نرخەکانی نەوت لەلایەن ریاز و مۆسکۆ و دواتریش شکستهێنانی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان.
لە چارەگی یەکەم، سعودیە 9 ملیار دۆلار کورتهێنان لە بودجەکەی هەبوو، بەهۆی ئەوەی زیاتر پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.
باسنیوز
