سوپای لیبیا هۆشداریی دەداتە حکوومەتی وڵاتەکەی
سوپای نیشتمانیی لیبیا هۆشداریی دەداتە حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی وڵاتەکەی.
لیوا ئەحمەد مسماری، گوتەبێژی سوپای نیشتمانیی لیبیا رایگەیاندووە، تورکیا هەموو دەستپێشخەرییەکانی ئاشتەوایی لە لیبیای بۆ ناردنی چەک و تەقەمەنی و میلیشیای چەکداری بۆ حکوومەتی لیبیا، قۆستووەتەوە.
ئەحمەد مسماری هۆشداریی داوەتە حکوومەتی وڵاتەکەی و رایگەیاندووە، یان دەبێ پابەندی ئاگربەست بن، کە بە سەرپەرشتیی میسر راگەیەندراوە، یان دەبێ چاوەڕێی هێرشی توندی سوپا بکەن.
رۆژی شەممەی رابردوو عەبدولفەتاح سیسی، سەرکۆماری میسر بە ئامادەبوونی مشیر خەلیفە حەفتەری فەرماندەی سوپای نیشتمانیی لیبیا و عەقیلە ساڵح، سەرۆکی پەرلەمانی لیبیا، دەستپێشخەرییەکی بۆ ئاگربەست لە لیبیا راگەیاند.
دەستپێشخەرییەکەی عەبدولفەتاح سیسی لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 8-6-2020ـەوە چووەتە بواری جێبەجێکردن و بەپێی دەستپێشخەرییەکە، هەردوو لا دەبی پابەندی ئاگربەست بن.
سوپای نیشتمانیی لیبیا لە حکوومەتی وڵاتەکەی هەڵگەڕاوەتەوە، بە پاڵپشتیی سعودیە و میسر هەوڵی رووخاندنی حکوومەت دەدات.
حکوومەتی ویفاقی نیشتمانی، کە لەلایەن سەرکردەکانی ئیخوان موسلیمینی لیبیا پێکهێندراوە، بە پاڵپشتیی تورکیا و قەتەر، هەوڵی مانەوە و لەناوبردنی سوپای وڵاتەکەی دەدات.
باسنیوز
