نرخی نەوتی خاو بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە

 نرخی نەوتی خاو بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە


خەندان-

دوای ئەوەی گەورە بەرهەمهێنەرانی نەوت لە رێکخراوی ئۆپێک+ رەزامەندیان دەربڕی لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی پابەندیان بە کەمکردنەوەی پێوانەیی ئەو بەرهەمە تا مانگی تەموزی داهاتو، نرخەکەی بەڕیژەیەکی بەرچاو بەرزبوەوە.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەمڕۆ دوشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت 89 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک زیادیکرد، کە دەکاتە لەسەدا 2.1ی نرخەکەی، لە دواین مامەڵەدا بە 43.19 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا.

لەبەرامبەردا نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی بە بڕی 62 سەنت بەرزبوەوە، کە لەسەدا 1.6ی نرخەکەیەتی و بە 40.17 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە بازاڕەکانی جیهاندا فرۆشرا.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە تا ئێستا نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ دو هێندە زیادیکردوە

لەدوای واژۆکردنی رێککەوتننامەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە تا ئێستا نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ دو هێندە زیادیکردوە، لە ئێستاشدا هەردو نەوتی خاوی برێنت و تەکساس بەهاکەیان گەیشتوەتە بەرزترین ئاست کە لەدوای شەشی ئازاری ئەمساڵەوە تۆماریان کردبێت.

بەرزبونەوەی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ زیادکردنی قەبارەی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمە لەلایەن چینەوە، کە دوەم گەورە بەکارهێنەری نەوتی جیهانە لەدوای ئەمریکاوە

هۆکارێکی دیکەی بەرزبونەوەی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ زیادکردنی قەبارەی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمە لەلایەن چینەوە، کە دوەم گەورە بەکارهێنەری نەوتی جیهانە لەدوای ئەمریکاوە، بۆ 11.3 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.

شارەزایانی ئابوری لەو بڕوایەدان، ئەگەر رێکخراوی ئۆپێک+ بەردەوامی بدات بە درێژکردنەوەی ماوەی پابەندییەکانی بە رێککەوتننامەکەوە، ئەوا لە مانگی (تشرینی یەکەم/10)ی ئەمساڵدا، خواست لەسەر ئەو بەرهەمە زۆر زیاتر دەبێت لە رێژەی خستنەڕو لەبازاڕەکانی وزەدا، ئەوەش وادەکات نرخەکەی بەڕێژەیەکی زۆر بەرزبونەوە بەخۆیەوە ببینێت.








باسنيوز
Top